ڕێژنە میدیا
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگیی لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەکرێن.
ئیبراهیم سومەیدعی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی “دیجلە”ـی عێراقی، ڕایگەیاند، هەماهەنگیی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە دەربارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەیە.
بە گوتەی ڕاوێژکارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) “ئۆپەراسیۆنی تاوانکاری دەکات و حکوومەتی عێراقیش وەکو ڕێکخراوی تیرۆریستی ناساندوویەتی”.
پێشتریش، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، “عێراق بۆ ئەوان گرنگە و دەیانەوێت پێکەوە لەگەڵ بەغدا رووبەڕووی ‘پەکەکە’ ببنەوە”.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕوونیشی کردەوە، “دۆخی ناسەقامگیری عێراق لە بەرژەوەندیی پەکەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکان بووە” بۆیە بەردەوامییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان داوە.
فیدان، جەختیشی لەوە کردەوە، “پەکەکە لە تورکیا تەنانەت یەک سانتیمەتریش زەویی کۆنترۆڵ نەکردووە لە کاتێکدا لە عێراق و سووریا چەندین ناوچەی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی”.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سوپای تورکیا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی پەکەکە، لە سنووری قەزای ئامێدی چڕ کردووەتەوە و بەهۆیەوە دەیان دۆنم زەوی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە سووتاون.
ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تاوەکوو ئێستا بەردەوامە؛ ئەو ڕێکخراوە لەلایەن عێراق، تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” ناسێندراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش، لە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی، زیاتر لە 60 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.
دروستکردنی مۆڵگە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و شەڕی بەردەوام لەگەڵ سوپای تورکیا، تا دێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە 800 گوند و چەندان ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.