ڕێژنە میدیا
یەکێتی زانایان ئایینی ئیسلامی کوردستان لهبارهى كڕینو فرۆشتنى پسوڵهى گهنمى جوتیارانهوه هاتهدهنگو وتهبێژى یهكێتیهكهش دهڵێت:”ئەنجومەنی باڵای فەتوا بەحەرامی داناوەو دروست نییە، چونکە پێشێلکردنی مافی جوتیاره”.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزیو وتەبێژی یەکێتیی زانایان ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاشكرایكردوه، لەساڵی 2019 کۆمەڵیک هاوڵاتیی پرسیاریان کرد، دەربارەی ئەو پسوڵەی گەنمەی حکومەت دەیدات بەجوتیاران، بەمەبەستی دیاریکردنی ڕێژەی شایستەییان لەوەرگرتنی گەنمەکانیان لەسایلۆکانو کڕینەوەی گەنمەکە لەلایەن حکومەتەوە.
دهشڵێت:”ئەنجومەنی باڵای فەتوا بۆ ڕونکردنەوەی ئەم بابەتە ڕاوێژی لەگەڵ پسپۆڕانو شارەزایانی وەزارەتی کشتوکاڵو لەگەڵ جوتیارانیش کردوە، سەبارەت بەشێوەی پسوڵەکەو چۆنێتی فرۆشتنی، فەتوایەکی لەساڵی 2019 دەرکرد؛ بەوپێیەی ئەم پسوڵە کاڵایەکی دیاریکراو نییە، لەهەمانکاتدا چەکێکی بانکیش نییە، تەنها پەڕاوێکی فەرمییە، لەبەرامبە ئەو بڕە گەنمە دەدرێت بەجوتیاران بۆ ئەوەی گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن”.
وتهبێژى یهكێتیهكه وتویهتى:”ئەوکاتە ئەنجومەنی باڵا ڕونیکردەوە خاوەنی پسوڵەکە دەتوانێت سازش لەپسوڵەکەی بکات، بەچەند مەرجێک؛ یەکەمین مەرجیش ئەوەیە کە جوتیاری هەرێم، پێویستە گەنمی هەرێم ڕادەستی سایلۆ بکات، نەوەک گەنم لەدەرەوەی وڵات بیهێنێتو ڕادەستی سایلۆی بکات لەڕێگەی ئەم پسوڵەیەوە”.
ئهوهشى وتوه، “دوەم مەرجیش ئەوەیە، خاوەنی پسوڵەکە سازش لەپسوڵەکەی بکات، نەک مامەڵەی پێوە بکاتو بیفرۆشێت، بەڵکو دەبێت بەکەسی بەرامبەر بڵێت، من دەست هەڵدەگرم لەم پسوڵەیە لەبەرامبەر بڕێک پارە، خاڵێکی دیکەش وەکو مەرج دەبێت حکومەت ڕازیی بێت بەو مامەڵەیە، ڕێگرنەبێت لەمامەڵەکردنی وەرگرتنی پسوڵەکە لەناو جوتیاراندا، خاڵێکی دیکەش پێویستە خاوەنی پسوڵەکە جوتیاری کردارییو فەرمیی هەرێم بێت، ئەمانە ئەو مەرجانە بون کە ئەنجومەنی باڵای فەتوای ساڵی 2019 سەبارەت بەپسوڵەی گەنمی جوتیاران بۆ هاوڵاتییانی ڕونکردبوەوە”.
وتهبێژى یەکێتی زانایان ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماژهى بهوهشكردوه، “لەمساڵدا پرسیارەکە بەشێوازێکی دیکە کراوە، خەڵكێکی زۆر هەیە کە دەیانەوێت بازرگانی بەم پسوڵەیەوە بکەن، بەبێئەوەی هیچ خاوەنداریەتیهکو زەوی کشتوکاڵیو هیچ جۆرە گەنمێکیشیان لەبەردەستدا هەبێت، تەنها مامەڵە بەپسوڵەکەوە دەکەن، هەربۆیە ئەنجومەنی فەتوا وەکو ڕونکردنەوەیەک بۆ فەتوای ساڵی 2019، لە 4ی تەمموزی 2024، ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە، تێیدا هاتوە بەهیچ جۆرێک دروست نییە، ئەگەر کەسەکە بەکرداریی جوتیارو خاوەن زەوی کشتوکاڵی نەبێت، پسوڵەکەی پێبدرێت یاخود وەربگرێت دواتر بیفرۆشێتەوەو بازرگانی پێوەبکات، دواتریش دروست نییە جوتیاری خاوەن زەوییەکە بەڕێگەی نایاسایی یاخود نا شەرعی، یا بەکارهێنانی بەرتیلو واستە هەوڵبدات ئەندازەیەکی زیاتر لەو مافەی بۆی دیاریکراوە لەپسولەکەدا بنوسێت”.
شێرکاوەیی لهكۆتایی پهیامهكهیدا جهختیكردوهتهوه، “کەسانێک هەن پسوڵەکە لەکەسانێک دەکڕنەوە بەبێئەوەی هیچ گەنمێکو زەوییەکیان هەبێت، تەنها مامەڵە بەپسوڵەی جوتیارانەوە دەکەن، ئەوەیان ئەنجومەنی باڵای فەتوا بەحەرامی داناوەو دروست نییە، چونکە پێشێلکردنی مافی جوتیارە لەهەمانکاتیشدا مامەڵەی بازرگانییە نە خاوەندارە نە خاوەن کاڵاشە تەنها مامەڵەکردن بەپسوڵەکە دەکەن”.