رۆژهەڵاتی ناوەڕاستهەواڵ

مه‌سعود پزیشكیان سه‌رۆكی نوێی ئێران كێیه‌؟

ڕێژنە میدیا

 

وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئێران له‌ میانه‌ی كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ پزیشكیانی‌ ته‌مه‌ن 69 ساڵ‌ له‌ كۆی 30 ملیۆن ده‌نگ ”زیاتر له‌ 16 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌.

مه‌سعود پزیشكیان سه‌رۆكی نوێی ئێران كێیه‌؟

مه‌سعود پزیشكیان، پزیشك و سیاسه‌تمه‌داری ریفۆرمخوازی ئێرانی، له‌ ساڵی 1954 له‌ شاری مه‌هاباد له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئێران له‌دایك بووه‌ و له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی پابه‌نددا گه‌وره‌ بووه‌.

پزیشكیان قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌ شاری مه‌هاباد ته‌واو كردووه‌. بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندن، په‌یوه‌ندی به‌ په‌یمانگای كشتوكاڵ له‌ شاری ورمێ كردووه‌ و بڕوانامه‌ی دبلۆمی له‌ بواری پیشه‌سازییه‌كانی خۆراك به‌ده‌ست هێناوه‌.

له‌ ساڵی 1973 له‌ پارێزگای سیستان و به‌لووچستانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی خزمه‌تی سه‌ربازی بۆ شاری سنووری زابوڵ گواستراوه‌ته‌وه‌.

دوای ته‌واوكردنی خزمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی، بڕیاریدا ببێته‌ پزیشك، بۆیه‌ له‌ ساڵی 1975 بڕوانامه‌ی دبلۆمی‌ سروشتی به‌ده‌ستهێنا، پاشان ساڵێك دواتر له‌ بواری پزیشكی له‌ زانكۆی شاری‌ ته‌ورێز بۆ زانسته‌ پزیشكییه‌كان وه‌رگیرا.

له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستپێكردنی جه‌نگی‌ عێراق- ئێران له‌ ساڵی‌ 1980دا، پزیشكیان بوو به‌ به‌رپرسی‌ ناردنی تیمی پزیشكی بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ، وه‌ك جه‌نگاوه‌ر و پزیشك له‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌شدار بووه‌.

له‌ ساڵی 1985 خولی پزیشكی ته‌واو كردووه‌ و له‌ فاكه‌ڵتی پزیشكی وه‌ك مامۆستای فیزیۆلۆژی ده‌ستی به‌ كاركردن كردووه‌. ساڵی 1990 پسپۆری له‌ نه‌شته‌رگه‌ری گشتی له‌ زانكۆی زانسته‌ پزیشكییه‌كانی ته‌ورێز به‌ده‌ست هێناوه‌، پاشان له‌ ساڵی 1993 پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری دڵی له‌ زانكۆی زانسته‌ پزیشكییه‌كانی ئێران له‌ تاران به‌ده‌ستهێناوه‌، و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی دڵی شه‌هید مه‌دانی له‌ ته‌ورێز دامه‌زراوه‌، و دواتر بووه‌ به‌ سه‌رۆكی نه‌خۆشخانه‌كه‌.

ساڵی 1994 كرایه‌ سه‌رۆكی زانكۆی ته‌ورێز بۆ زانسته‌ پزیشكییه‌كان، سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی تا ساڵی 2000 به‌رده‌وام بوو، دواتر گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ تاران و بۆ ماوه‌ی 6 مانگ پۆستی بریكاری وه‌زیری ته‌ندروستی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ر و په‌روه‌رده‌ی پزیشكی وه‌رگرتووه‌.

پاشان له‌ خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د خاته‌میدا، پزیشكیان پۆستی وه‌زیری ته‌ندروستی وه‌رگرت و دوای ماوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ لێپێچینه‌وه‌ لێكرا، پاشان پۆسته‌كه‌ی به‌جێهێشت.

له‌ ساڵی 2013دا كاندیدبوونی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری‌ ده‌ستوور دۆسیه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

ساڵی 2016 توانی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كورسییه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت و بۆ چه‌ندین ساڵ توانی‌ پارێزگاری‌ له‌ كورسییه‌كه‌ی‌ له‌ په‌رله‌مان بكات.

له‌ ساڵی 2008ه‌وه‌ پزیشكیان له‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران نوێنه‌رایه‌تی شاری ته‌ورێز ده‌كات.

پزیشكیان پێیوایه‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی ئێران به‌ بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت.

جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئیداره‌ی وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای مامه‌ڵه‌ی بنیاتنه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای دیالۆگ و دانوستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی جۆراوجۆر ده‌كرێت.

پزیشكیان له‌سه‌ر بنه‌مای سێ پایه‌ی “شانازی و حیكمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی” داوای باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا ده‌كات.

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌ ریزی كاره‌ له‌پێشینه‌كانی‌ حكومه‌ته‌كه‌یدا داده‌نێت، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێراندایه‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه‌، تره‌مپ لێی نه‌ده‌كشایه‌وه‌.

هه‌روه‌ك پێیوایه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئێران له‌وه‌ایه‌ كه‌ بچێته‌ ناو رێكخراوی FATF (هێزی كاری دارایی نێوده‌وڵه‌تی) به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان و ئاسانكاری بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ كۆتایی به‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان ده‌هێنێت، كه‌ به‌ وته‌ی خۆی “هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كانی وڵاتن” و داوای هاوكاری له‌ باشترین شاره‌زایان و پسپۆڕان ده‌كات.

به‌ڵێنیشی دا كه‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی كرێكاران و خانه‌نشینان و فه‌رمانبه‌ران بكات و به‌ شێوه‌یه‌ك كار بكات كه‌ هه‌ژاری و جیاكاری‌ و گه‌نده‌ڵی له‌ وڵاتدا نه‌هێڵێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی مامه‌ڵه‌كردنی راستگۆیانه‌ له‌گه‌ڵ رای گشتی و نه‌دانی به‌ڵێنی پوچ، هه‌موو خه‌ڵك به‌شدار ده‌كات له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا، نه‌ك گروپێكی دیاریكراو.

هه‌روه‌ها به‌ڵێنیدا مامه‌ڵه‌ی ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ پرسی ژنان و ئازادی ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ ئینته‌رنێت و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كان و ئازادییه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكات.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button