جیهانهەواڵ

ئەگەری شکستی پارتەکەی ڕیشی سوناک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیادا زۆرە

ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیایە لە دوای دەرچوونی وڵاتەکە لە یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2020

ڕێژنە میدیا

 

هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا لە بەیانی ئەمڕۆ لە ئینگلتەرا، وێڵز، سکۆتلەندا و ئێرلەندای باکوور دەستیپێکرد.هەڵبژاردنەکە لە 650 بازنە و بۆ هەڵبژاردنی 650 نوێنەرە.

ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیایە لە دوای دەرچوونی وڵاتەکە لە یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2020.

هەڵبژاردنی ئەمڕۆ زووتر لەوەی پێشبینی دەکرا ئەنجام دەدرێت، چونکە پێشبینی دەکرا ئەم هەڵبژاردنانە لە پاییزدا ئەنجام بدرێت.

خولێکی سیاسی لە بەریتانیا پێنج ساڵ دەخایەنێت و بەو پێیەی پارتی پارێزگاران لە مانگی کانوونی دووەمی 2019 لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دەبوو هەڵبژاردنی گشتی داهاتوو بە یاسا تا مانگی یەکی ساڵی 2025 ئەنجام بدرێت.

پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنەکە ئەنجامێکی مێژوویی هەبێت و ئەگەر ڕاپرسییەکان دروست بێت، دەبێت پارتی پارێزگاران دوای 14 ساڵ، دەسەڵات ڕادەستی پارتی کرێکاران بکات.

زۆربەی ڕاپرسییەکان ئاماژەن بۆ شکستی قورس بۆ پارتی پارێزگاران بە سەرۆکایەتی ڕیشی سوناک و سەرکەوتن بۆ پارتی کرێکارانی ڕکابەر بە سەرۆکایەتی کیەر ستارمەر.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکان پێشبینی دەکرێت پارتی کرێکاران 400 کورسی پەرلەمانی بەریتانیا بەدەستبهێنێت، کە ئەمەش سەرکەوتنێکی مێژوویی دەبێت.

ئەو پارتە لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2019 تەنها 202 کورسی بەدەستهێناوە. لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ستارمەر بەڵێنی گەشەی ئابووری درێژخایەنی بە دەنگدەران دا.

بەپێی دوایین ڕاپرسییەکان، پێشەنگی پارتی کرێکاران هێشتا یەکلاکەرەوەیە و بە ئەنجامی 40 بەرامبەر بە 22 لە پێش ڕکابەری دێرینی خۆیانەوەن. هەروەها پارتی چاکسازی ڕاستڕەویش گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و توانیویەتی بگاتە 16%. ئەگەر ئەم ئەنجامانە لە سندوقی دەنگدان دەربچن، کیەر ستارمەر دەبێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا.

هەر پارتێک پێویستیی بە 392 کورسییە بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنێت. 101 پارت و هاوپەیمانی لەگەڵ 459 کاندیدی سەربەخۆ کێبڕکێ دەکەن، بەڵام رکابەرییە گەورەکە لەنێوان پارتی پارێزگارانی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و پارتەکەی ستامەرە.

ئەگەر پارتێک زۆرینەی بەدەستهێنا، راستەوخۆ سەرکردەی پارتەکە دەبێتە سەرۆکوەزیران.

بەڵام ئەگەر هیچ پارتێک زۆرینەی نەهێنا، ئەوکات ئەو پارتەی زۆرترین دەنگی هێناوە، داوای پێکهێنانی هاوپەیمانی لە پارتەکانی دیکە دەکات.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button