ڕێژنە میدیا
پۆلیسی ڕاپەڕین دوو تۆمەتباری دەستگیرکردووە، کە ماوەیەکی زۆر بوو خۆیان حەشاردابوو، 50 هەزار دۆلاریان لە ماڵێک دزی بوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاویکردەوە، ساڵی پار هاوڵاتیەك سەردانی بنکەی پۆلیسی ماکۆکی کرد بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا کە بەوتەی خۆی بڕی 50,000 دۆلاری ئەمریکی لە ماڵەکەی خۆی لێ دزراوە.
.
پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونی کردووەتەوە:” بەسوود وەرگرتن لە تۆماری کامێراکانی چاودێری دەرکەوت دوو کەس بە ناوی سواڵکردنەوە دەچنە ماڵی سکاڵاکار و تاوانی دزیکردن ئەنجام دەدەن. دەشڵێت، دواتر لە لایەن هێزەکانمانەوە لە بنکەی پۆلیسی ماکۆك توانرا ناسنامەی تۆمەتباران و هاوکارەکانیان ئاشکرابکرێت.”
ئاماژە بەوە کراوە، تۆمەتباران بە ناوەکانی (ک، ق، خ) لەدایکبووی ساڵی 1985 لە ڕەگەزی مێ تۆمەتبار هەستاوە بە ئەنجامدانی تاوانی دزیکردنکە و تۆمەتبار (م، غ، ف) لە ڕەگەزی نێر لەدایکبووی ساڵی 1990 هەستاوە بە هاوکاری کردنی تۆمەتباری ناوبراو و دەستگیربکراون.
پۆلیس دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا لە بەردەم دادوەر و پۆلیس، تۆمەتباران دانیان نا بەتاوانەکەیان و دادوەری دادگای لێکۆلینەوەی حاجیاوا بڕیاریدا بە ڕاگرتنی تۆمەتباران بە پێی ماددەی (444) لە یاسای سزادانی عێراقی و فەرمانی گرتن بۆ چەند تۆمەتبارێکی تر دەرچووە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.