ڕێژنە میدیا
گەنجێکی ئەمریکی بۆ یەکەمجار دوای ئەوەی نەشتەرگەری چاندنی گوێچکەی بۆ ئەنجامدرا، توانای بیستنی بۆ گەڕایەوە.
بەپێی ماڵپەڕی ” The Sun”ی بەریتانی، ئێریک هۆفمانی تەمەن 28 ساڵ، تووشی لەدەستدانی بیستن دەبێت، توانای بیستنی دەنگەکانی زۆر سنووردار دەبێت و بە تەواوی گوێی لە دەنگەکان نابێت.
ڤیدیۆی ئەو کوڕە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە کاتێک دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ یەکەمجار گوێی لە دەنگەکان دەبێت، راستەوخۆ بێدەنگ دەمێنێتەوە و دەست دەکات بە گریان.
ئێریک سێ بۆ شەش مانگی دەوێت تا بە تەواوی لە هەموو ئەو دەنگە نوێیانە تێدەگات کە دەیبیستێت، لەو ماوەیەشدا بە بەردەوامی چاکسازی بیستنی بۆ دەکرێت.
ئەو گەنجە دەڵێت “هەستم بە ساتیکی زۆر تایبەت دەکرد لە ژیانمدا، زۆر دڵخۆش بووم و هەستم بە سەرسوڕمان دەکرد کاتێک بە ڕوونی گوێم لە دەنگەکان بوو”
جێگەی باسە ئێریک کاتێک تەمەنی شەش مانگ بووە تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بووە بەو هۆیەشەوە تووشی لەدەستدانی بیستن بووە.
هەر لە منداڵییەوە پشت بە زمانی ئاماژە و خوێندنەوەی لێو بەستووە، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیدا توانای بیستنی خراپتر بووە و پەیوەندیکردنی بە خەڵکەوە لەڕادەبەدەر قورس بوو، ئەمەش وای لێکرد چاندنی گوێچکەیی بۆ بکرێت.
ئێریک ئاماژەی بەوەشکرد پەیوەندی کردن و گفتوگۆکردنی بە خەڵکەوە گەورەترین ئاڵانگاری ژیانم بووە چونکە هەندێکجار تێنەدەگەیشتم خەڵک چی دەڵێن، زۆرجار سەیری لێویانم دەکرد تا تێبگەم.