رۆژهەڵاتی ناوەڕاستهەواڵ
وڵاتی سعودیە : گەورەترین و بەهێزترین سیستمی فێنککەرەوە بۆ حاجییان دابین دەکات
ڕێژنەمیدیا
تۆفیق بن فەوزان، وەزیری حەج و عومرەی سعودیە دەڵێت، “لەبارەی پڕۆژەکانی مرۆڤایەتی و باشترکردنی گواستنەوە، ناوچەی دەوروبەری مزگەوتی گەورە لەگەڵ رێڕەوی ئال مەشعەر حەرام چاککراون بۆئەوەی گونجاو بێت بۆ بە پیادە رۆیشتن و گواستنەوە بە ئاسانی. گەورەترین سیستمی فێنککەرەوە لە جیهاندا دابینکراوە بۆ پاککردنەوەی هەوا لەنێو مزگەوتی گەورە، تاوەکو کەشێکی خاوێنی هەبێت و حاجیانی ماڵی پیرۆزی خودا فێنک بکاتەوە.”
بەپێی کەشناسیی سعودیە، پلەی گەرما دەگاتە 48 پلەی سلیزی و رێژەی شێش 60%ـە، پسپۆڕانیش دەڵێن، جەڵتە و گەرمابردن کێشەی سەرەکیی بەردەم حاجییانن، بەتایبەت کاتێک لە پلەی گەرمای بەرزدا نیشانەکانی ماندوێتی و شەکەتییان پێوە دەردەکەوێت.
د. سەلمان وەقار، سەرۆکی دامەزراوەی پزیشکیی ئیسلامیی بەریتانی دەڵێت، “کاتێک تێکەڵەی پلەی گەرمای بەرز و شێی زۆر دێتە ژوورەوە، مەترسیی تووشبوون بە جەڵتە یاخود بەرزەپەستانی گەرما زیاد دەکات، دەکرێت زۆر قورس بێت بۆ جیاکردنەوەی ئەوەی کە نیشانەکانی کەسەکە هی ماندوێتییە یان پڕوکانە.”
پسپۆڕان رێنوێنیی حاجیان دەکەن، هەمیشە خۆیان لە بەرکەوتنی خۆر بپارێزن، تاوەکو دووچاری لێکەوتەکانی نەبنەوە.
سەرۆکی دامەزراوەی پزیشکیی ئیسلامیی بەریتانی ئاماژەی بەوەش کرد، “شوێنی سێبەر بەردەستە، بەڵام ئەمانە دەگۆڕێن بەپێی شوێنی خۆت. هەندێکیان هەواگۆڕکێیان بۆ دابینکراوە، بەرپرسان ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیکەن و کاتێک حاجیان رێوڕەسمەکە دەستپێدەکەن خەڵک هەن فێنکیان دەکەنەوە و ئاوپڕژێنیان دەکەن. زۆرجار خەڵک چەتر لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ سێبەر، ئاوێکی زۆری ساردیش بەردەستە، پێویستە حاجیان دڵنیابن ئاوی پێویستیان پێیە و جەستەیان شێدارە.”
وەزارەتی تەندروستیی میسر چەند رێنوێنییەکی بۆ حاجیان بڵاوکردووەتەوە، کە چۆن خۆیان لە گەرما و نەخۆشکەوتن بپارێزن، لەوانە لە شوێنە قەرەباڵخەکان دەمامک ببەستن و خۆیان لە تیشکی راستەوخۆی خۆر بپارێزن، هەروەها چا و قاوە کەم بکەنەوە و بایەخی زۆر بە خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەکانی دیکە بدەن، تاوەکو جەستەیان بە شێداری بمێنێتەوە.
تەنانەت هیچ خۆراکێکی سەر شەقام نەخۆن و ئەوانەشی کە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە، هەمیشە لە شوێنی کراوەدا بن.