ڕێژنە میدیا
وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاندووە کە بەم زووانە رێنمایی نوێ لەبەرژەوەندی هاونیشتمانییان بۆ کارئاسانی گەڕانەوەی پێشینەکان دەردەچێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە” ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشێک لە بانکە پسپۆڕیەکانی وەزارەت کۆبۆوە و پرسی گەڕاندنەوەی پێشینەکان لە بواری قەرزی نیشتەجێکردن، خانوبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری بەوردی گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بەرپرسانی بانکەکان داتاو پێشنیاری خۆیان خستەڕوو”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاوات شێخ جەناب بانکە پسپۆڕیەکانی راسپارد بەزوترین کات راپۆرت و پێشنیاری خۆیان لەسەر شێوازی گەڕانەوەی پێشینەکان پێشکەش بکەن تاوەکو لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت و دواتر رێنمایی پێویستی بۆ دەردەکرێت بەجۆرێک لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان و ئەو چین و توێژانە بێت کە پێشینەکانیان وەرگرتووە.