ڕێژنە میدیا
مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری گەیشتنە بەغدا و لە فڕۆکەخانە لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.
بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە؛ محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ سابت عەباسی، وەزیری بەرگری و ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکومی و سیاسییەوە پێشوازیی لێکرا.
بارەگای بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024 رایگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و باڵیۆزانی وڵاتان، سەردانی شاری بەغدا دەکات.
بەپێی زانیارییەکان بڕیارە سەرۆک بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی عێراق، لەنێویاندا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
کۆبوونەوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و کۆتاییهێنانە بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی.
سەرچاوەیەک ئاشکرایکرد ، سەردانەکە رۆڵی لە کرانەوەی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت. بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساش بە رووداوی گوت، “سەردانەکە لە کاتێکی هەستیاردایە، زۆر دۆسیەی نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن، دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیانی بۆ ئامادەبکەن و لەنێوخۆدا خۆمان تۆکمە بکەین.”
دوایین سەردانی، بارزانی بۆ بەغدا، رۆژی پێنجشەممە 22ـی 11ـی 2018 بوو، کە بە یاوەریی شاندێك و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی و تاوتوێكردنی پرۆسەی سیاسیی سەردانی بەغدای كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.