ڕێژنە میدیا
وەزارەتی دارایی عێراق، زیاتر لە 232 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد .
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕێکەوتی (سێشەممە، 2-7-2024)بڕی 184 ملیار و، 338 ملیۆن و 216 هەزار دیناری وەکو مووچەی مانگی حوزەیرانی خانەنشینانی مەدەنی و مووچەی خانەنشیانی سەربازی بۆ مانگی ئایار و حوزەیران خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق هەر ئەمڕۆ بڕی 10 ملیار و 191 ملیۆن دیناری مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی چاودێری کۆمەڵایەتی خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 37 ملیار و 755 ملیۆن و 156 هەزار دیناریشی وەکو مووچەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری ئەنفالکراوان و کیماباران و زیندانیانی سیاسی خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە راگەیاندنی لیستی مووچە بە ڕێژنە میدیای ڕاگەیاند “لیستی مووچە بەپێی ئەو شوێنانە رادەگەیێندرێت، کە وەزارەتی دارایی عێراق پارەکەی بۆ خەرجکردوون.”