ڕێژنە میدیا
پزیشکێکی پسپۆڕ زیانەکانی زۆرخواردنی ساردەمەنی بۆ منداڵان ئاشکرادەکات و دەڵێت: لەبردی ساردەمەنی میوەکان بۆ منداڵەکانتان ببەنەوە.
د. کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک بابەتێکی تەندروستی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت: ” ئاسکرێم و دۆندرمە وساردەمەنیەکانی تر یەکێکن لەو خواردنانەی کە لە کۆتایی وەرزی بەهار و بە تایبەت لە هاوین دا خواستێکی زۆریان لە سەرە و مناڵ و گەورە ڕەنگە ڕۆژانە بیخۆن و بە تام وچێژی جیاواز و ڕەنگ و شێوازی هەمە جۆر هەیە و زۆر خواردنی ساردەمەنی یان رۆژانە یان بە بڕێکی زۆر زیانی هەیە بۆ تەندروستی مناڵ کە بە گوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕێت.
زیانەکانی زۆرخواردنی ساردەمەنی بۆ منداڵان:
زیادبونی کێش و قەڵەوی، چونکە بڕێکی زۆر کالۆری تێدایە.
لاوازبونی کۆئەندامی بەرگری لەش.
ژەهراویبون بە بەکتریا و ڤایرۆس کە لە رێگەی ساردەمەنی دانەپۆشراو دەگوازرێتەوە، نیشانەکانیشی بریتین لە (سکچون، رشانەوە، ئازاری ناوسک).
زیادبونی ئەگەری هەوکردنی قوڕگ و لەوزەتێنەکان.
زیادبونی ئەگەری کلۆربونی ددان و هەوکردنی پوک.
دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاری بە شیر یان هەرس نەکردنی لاکتۆز لەو کەسانەی خۆیان ئەو کێشە تەندروستییەیان هەیە کاتێ ساردەمەنییەکە شیر یان لاکتۆز لە پێکهاتەکەیدا بێت.
سەرئێشەی دوای ئایسکرێم و ساردەمەنی، رەنگە لە هەندێک کەسدا روبدات
دەشڵێت: پێویستە ساردەمەنی بە هیچ شێوەیەک نەدرێت بە مناڵی خوار تەمەن یەک ساڵ.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە پێشنیار دەکات لەبری ساردەمەنی، شەربەتی مێوەی فرێش لە ماڵەوە ئامادە بکرێت و بخرێتە فریزەرەوە لە ناو قاڵبی جیاواز لەگەڵ کەمێک تامی ڤانێلا یان شکۆلاتە و دواتر پێان بدرێت یان وەک شێوەی ئەزەبرێت بخۆرێت و باشترە شەربەتەکە بەتڵپە و ڕیشاڵی میوەکەوە بخرێتە فرێزەرەوە.
هەروەها، “میوە قاش بکرێت و بە شێوەی جوان و سەرنجڕاکێش بخرێتە فرێزەرەوە و بە بەستویی بدرێت بە مناڵ، چونکە تا درەنگتر ساردەمەنی بدرێت بە مناڵ باشترە و نابێت بە بڕێکی زۆر و بە عەلاگەی گەورە برێتە ماڵەوە”.