عێراقکوردستانهەواڵ

بڕیاره‌ مه‌سعود بارزانی : بۆ کۆبەنەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق سەردانی بەغدا بکات

ڕێژنە میدیا

 

بڕیاره‌ سبه‌ینێ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە 3ی تەمموزی 2024، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی عێراق، لەناویاندا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژمارەیەکی تر لە سەرکردە و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.

ماڵپه‌ری رووداو بڵاویكرده‌وه‌، کۆبوونەوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و کۆتاییهێنانە بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی.

لە کۆبوونەوەکاندا دۆزینەوەی رێگەچارەی پێویست بۆ ژمارەیەک دۆسیە، لەناویاندا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، مووچەی مووچەخۆران، یاسای نەوت و غاز، دۆسیەی هەڵبژاردنەکان، پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکوک و ژمارەیەک پرسی دیکە تاوتوێ دەکرێن.

بڕیاره‌ بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە لەناویاندا نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە کۆببێتەوە.

دوایین سەردانی مه‌سعود بارزانی بۆ بەغدا 22ی 11ی 2018 بوو، کە بە یاوەریی شاندێك و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی و تاوتوێكردنی پرۆسەی سیاسیی سەردانی بەغدای كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button