هەمو دایكێك حەز دەكات كەسایەتی منداڵەكەی بەهێز بێت، متمانەی بەخۆی هەبێت و كەسێك نەبێت پشت بە خۆی نەبەستێت، بەڵام پێویستە بزانیت كە جیاوازی هەیە لە نێوان كەسیك كە متمانەی بەخۆی هەبێت، لەگەڵ كەسێك كە خۆی زاڵ بكات و كەسانی دیكە بەكاربهێنێت، گرنگە منداڵەكەت لەسەر جۆری یەكەم پەروەردە بكەیت نەك دوەم.
بەمشێوەیە دەتوانیت بزانیت منداڵەكەت متمانەی بەهۆی هەیە.
1. جەستەی رێكدەكاتەوە و شێوازی دانیشتنی بەشێوەیەكە كە دەستەكانی كردوەتەوە و جەستەی خۆی بچوك نەكردوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەكی رونە كە منداڵەكەت متمانەی بەخۆیەتی.
2. لە كاتی گفتوگۆكردن تەماشای چاوی بەرامبەرەكەی دەكات و چاوی دورناخاتەوە.
3. كاتێك روبەڕوی دۆخێكی پێكەنیناوی دەبێتەوە، پێدەكەنێت و هەوڵنادات پێكەنینی بشارێتەوە، ناترسێت لەوەی بە پێكەنینی سەرنجی كەسانی دیكە رابكێشێت.
4. بەشێوەیەكی سروشتی قسەت لەگەڵ دەكات، بەو واتایەی هەر شتێك لەناو دڵیدا هەبێت راستەوخۆ دەیڵێت و بیركردنەوەی خۆی لەبارەیانەوە دەڵێت، رقی لەوە دەبێتەوە كارێكی پێبكەن كە ئارەزوی كردنی نییە.
5. كاتێك منداڵانی دیكە دەبینێت، هەمیشە ئەو دەستپێشخەرە لەوەی بابەتیان لەگەڵ بكاتەوە و یارییان لەگەڵ بكات.