ڕێژنە میدیا
ناسنامەی مەترسیدارترین قاچاخچیی كورد لە ئەورووپا ئاشکرا دەبێت، کە پێنج عێراقیی کوشتووە و یەکێکیان منداڵە، قاچاخچییەكە ناوی (رێبوار عەباس قادر زەنگەنەیە) و ئازادانە لە ئەورووپا پیاسە دەكات.
لەمبارەوە، ئاژانسی هەواڵی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، پیاوێکی کورت و چەقۆکێشی تەمەن 39 ساڵە، بە جلوبەرگێكی سەوزی کاڵ و کڵاوێکەوە، كە لە کەسێکی ئاسایی دەچێت، لە پایتەختی لۆکسمبۆرگ، پاشنیوەڕۆ لە سەنتەری پێشوازیی کۆچبەرانەوە بۆ وێستگەیەکی ترام لەنزیکەوە بە پێ دەڕۆیشت، لەو كاتەدا تیمەکەمان بەپەلە بەرەو ڕووی ڕۆیشتن و ناسییانەوە، كە ئەو قاچاخچییەیە كە تۆمەتبارە بە كوشتنی پێنج هاووڵاتیی عێراقی، كە یەكیان كیژۆڵەیەكی تەمەن حەوت ساڵە.
ئەندرۆ هاردینگ، رۆژنامەوانی راپۆرتەكە دەڵێت: ”کاتێک لە نیوەی گۆڕەپانەکەدا چاومان پێی کەوت، گوتم ئێمە دەزانین تۆ کێیت!“
دەشڵێت: ”ئەم قاچاخچییە دەناسینەوە، تۆمەتبارە بە كوشتنی پێنچ كەس، 51 ڕۆژ لەمەوبەر، لەنێو قوربانییەکانی بەلەمێكدا، (سارا) کچێکی تەمەن حەوت ساڵان هەبوو، کە لە دەریای باکووری فەرەنسادا لەناو بەلەمێکی لاستیکیدا خنكا، چونکە سەرنشینەکان کەوتبوون بەسەریدا، كە بە رێگەی نایاسایی لەلایەن ئەم قاچاخچییەوە گەشتەكەی بۆ رێك خرابوو.“
رۆژنامەوانەكە باسی لەوە كردووە، پێشتر ئەوان پاسپۆرتی عێراقی و ناسنامەی ئیتالیی ئەو قاچاخچییەیان بینیوە، چەند ساتێكیش پێش ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ دەست پێبكەن، بۆ دڵنیابوون لە ڕێگەی ئەو ژمارەیەی، كە پێشتر قسەیان لەگەڵیدا كردووە، پەیوەندیی پێوە دەكەن، کاتێک مۆبایلەکەی لە گیرفانیدا زەنگ لێدەدات، ئیتر هیچ گومانێك نامێنێتەوە، كە ئەوە قاچاخچییەكەیە!.
دەڵێت: ”سەرەتا رێبوار گوێی بە زەنگی تەلەفۆنەکە نەدا، بەڵام کاتێک لە کۆتاییدا لە گیرفانی دەرهێنا و ژمارەی پەیوەندیی هاتوومان لەسەر شاشەکە بینی، بەڵگەی یەکلاکەرەوەمان دەست کەوت، کە ئەم کەسە تۆمەتبارە قاچاخچییەكەیە.“
بۆچی پشتڕاستمان کردەوە؟
رۆژنامەوانەكە دەڵێت: ”دوای رووداوی بەلەمە چووپەكە لە هەفتەکانی پێشوودا، ئەندامێکی تیمەكەمان خۆی وەکوو کۆچبەرێک پیشان دا، کە دەیەوێت لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا کەناڵەکە ببڕێت، دوای پەیوەندیکردن لەگەڵ چەند کەسێکی گوایە نێوەندگیرن و لەناو تۆڕی گەورەی ئەم قاچاخچییە کار دەکەن، دواجار هاوکارمان (مەحموود) توانیی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی لەگەڵیدا بکات، دواتر ئێمە توانیمان بەنهێنی چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ قاچاخچییەکەدا تۆمار بکەین، ئێمە بە هەمان تەلەفۆن پەیوەندیمان پێوە دەکرد، کە ئێستا بەدەستییەوە بوو (ئەم تەلەفۆنە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخچییەکەدا پەیوەندیی پێوە کرا). لەو پەیوەندییانەدا ناسنامەی خۆی پشتڕاست کردەوە و پێی ڕاگەیاندین، کە هێشتا لە بازرگانیی قاچاخدا کار دەکات.“
ئەو رۆژنامەنووسە جەخت دەكاتەوە: ”لە گفتوگۆکاندا پێی گوتین، کە دەتوانێت (گەشتێکی ئاسان)مان بۆ ڕێک بخات، لەبەرامبەر پێدانی پارە بۆ هەر کەسێک لە بەلەمەکەدا بە هەزار و 500 یۆرۆ، یان هەزار و 269 پاوەند.“
گوتیشی: ”بەدوایدا گەڕاین و لە لۆکسمبۆرگ لە بەردەمیدا وەستا بووین و ڕووبەڕووی بووینەوە، تەلەفۆنمان بۆ هەمان ئەو ژمارەیە کرد، کە بۆ ڕێکخستنی گەشتەکە پەیوەندیپمان پێوە دەكرد، تەلەفۆنەکەی زەنگی لێ دا و ژمارەی تەلەفۆنەکەی خۆمان لەسەر شاشەی مۆبایلەکەی بەڕوونی بینی.“