کوردستانهەواڵ

لە گۆڕستانێکی هەولێر :دەیان کۆرپەی لەبارچوو لەنێو قوتووی ماست و دۆشاودا خراونەتە ژێر خاک

ڕێژنە میدیا

 

تاوەکو لێی بکۆڵییەوە کۆرپەی لەبارچوو لەنێو قوتووی ماست، دۆشاو و تەحین ژێرخاک کراون؛ هەیانە چوار بۆ پێنج کۆرپەی لەبارچوو، هەشیانە یەک دوو دانەیان تێدایە، لەسەر قوتووەکان ناوی ژمارەیەک ژن و پیاو نووسراون. کۆرپەی لەبارچوو هەیە تەمەنی زیاتر لە 16 هەفتەیە و بە تەواوی دروستبووە، هی تەمەن پێنج هەفتە و کەمتریشی تێدان.

لە گۆڕستانی ئیمام محەمەد لە گەڕەکی منارەی هەولێر، دوو گەنجی کاسبکاری نزیک گۆڕستانەکە شاهێدی ژێرخاککردنی کۆرپە لەبارچووەکانن.

سەعدون محەممەد، یەکێک لە گەنجە کاسبکارەکان دەڵێت، “لێرە بووین، تەکسییەک هات و پێی گوتین، کۆرپەلەم پێیە و یارمەتیم بدەن بیاننێژم. وامزانی یەک دووانێکن، کەچی 30 بۆ 40 دانە بوون؛ باوکیشم گوتی: ئێمە ئەوە ناکەین و گوناهە، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بزانێت.”

تائێستا ئەو گەنجانە سێ بۆ چوار کەسیان بینیون، پێیشیان گوتوون، هاوکارییان بکەن بۆ هەر جارێک بڕی 50 هەزار دیناریان پێدەدەن.

یادگار دیار، یەکێک لە دوو گەنجە کاسبکارەکە ئاماژەی بەوە کرد، “زۆر جاری دیکە دێن و خەریکی شاردنەوەی کۆرپەی لەبارچوو دەبن، تەنها لەم گۆڕستانە نییە، لە گۆڕستانی دیکەش هەن و بە ئێمە دەڵێن، پارەتان دەدەینێ، 50 هەزار دەدەین و ئێمە نەمانکردووە.”

جگە لە قوتووی پڕ لە کۆرپەی لەبارچوو، مۆبایل و دەستکێش و خاکەناز و کەلوپەلی دیکەش لە چاڵەکەدا دۆزراونەتەوە.

حەسیبە محەممەد، پزیشکێکە کە 30 ساڵە لە نەخۆشخانەکانی لەدایکبوون شاهیدیی لەدایکبوونی هەزاران منداڵە؛ دوای سەیرکردنی گرتە ڤیدیۆکان دەڵێت، “دڵنیاین لەوەی ئەمە کاری مامانێکی نەخوێندەوار نییە، بەڵکو شارەزایە و بە جوانی کۆرپەکانی خستووەتە نێو نایلۆنی تایبەت و قوتوو و سەرەکانیشی بەستوون، لەنێو دەرمانی موختەبەری تایبەتیش نراون.”

ئاسایش، پۆلیس و تەندروستی لیژنەیەکی بەدواداچوونیان پێکهێناوە، ناوەناوەش سەردانی گۆڕستانەکە دەکەن.

ڕۆژنامەنوس : بەختیار قادر

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button