ڕێژنە میدیا
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی’هەژماری من’ هەنگاوێکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی و رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە. “یەکی مانگی ئەیلوول دوا مۆڵەت دەبێت بۆ خۆتۆمارکردنی فەرمانبەران و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لە هەولێر.”
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 24ـی حوزەیران لەگەڵ تیمی پڕۆژەی ‘هەژماری من’ کۆبووەوە و رایگەیاند: “جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو موچەیی و رێگری لە سپیکردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج، چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکێش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات.”
پڕۆسەکە بەپێی وەزیری دارایی لە رێگەی هەشت بانکی حکومی و ناحکومییەوە بەردەوامە و سەرجەم ئەو بانکانەی تێدایە کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە باوەڕپێکراون و رەزامەندی بەشداریکردنی پڕۆژەکەیان پێدراوە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، یەکی مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوا وادەیە بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزەکانی پێشمەرگە لە لیوا هاوبەشەکان لە پارێزگای هەولێر بۆ ئەوەی خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمار بکەن.
بەگوتەی ئاوات شێخ جەناب، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکە تۆمارکراون، نزیکەی 240 هەزار کارتی بانکیش دابەشکراوە، دواین مووچە کە دراوە 50 هەزار مووچەخۆرا لە 135 یەکەی ژمێریاریی سەرجەم وەزارەتەکان لەرێگەی پڕۆژەکەوە مووچەیان وەرگرتووە و لە مانگەکانی داهاتوو ژمارەکە بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوە.
94 ئامێری راکێشانی پارە “ATM” لە 32 شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر دانراوە، 140 ئامێری دیکە لە هەموو هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێت.