ڕێژنە میدیا
لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی غەززە و زیادبوونی بەقوربانی بوونی خەڵکی سڤیل، ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە کەمپی ئەلشاتی لە ڕۆژئاوای غەززە بۆردومان کرد.
لەم بۆردومانەدا ماڵی ئیسماعیل هانیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە کەمپی ئەلشاتی کراوەتە ئامانج و ١٣ دانیشتووی ئەم ماڵە کوژراون کە خوشکی “هانیە”یان تێدایە.
مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو، هانیە لە بۆردومانەکەی ئیسرائیل کە ئۆتۆمبێلێکی لە کەمپی ئەلشاتی کردە ئامانج، 3 لە منداڵەکانی (حازم و ئەمیر و محەمەد) لەگەڵ 3 نەوەکانی لەدەستدا.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە، ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی لە سەرەتای شەڕی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە گەیشتووەتە ٣٧ هەزار و ٦٢٦ کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ٨٦ هەزار و ٩٨ کەس.
ئەمه لە کاتێکدایه که هەموو هەوڵه نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست لە غەززە نەگەیشتووەته هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو پێشنیاری ئەمریکای بۆ ئاگربەستی کاتی ڕەتکردووەتەوە، (کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە خرایەڕوو)، ڕۆژی دووشەممە لە هەڵوێستێکی جیاواز لەوەی پێشوو، جەختی لەوە کردەوە بەشێک ئەم پێشنیارەی قبوڵ کردووە.