ڕێژنە میدیا
لە چیای پەلکانەی سنووری قەزای خورماتوو، بە فڕۆکەی ئێف 16 هێرشکرایە سەر چەکدارانی داعش؛ شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لە هێرشەکەدا حەوت چەکداری داعش کوژراون، کە یەکێکان سەرکردەیەکی مەترسیدارە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو بە سەرپەرشتی و پلانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بە بەشداری دەزگای دژەتیرۆری عێراق، پاڵپشت بە زانیاریی وردی هەواڵگری و بە هاوکاریی هێزی ئاسمانی، لە چیای پەلکانەی قەزای خورماتوو ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی چەکدارانی داعش کردووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی و دەزگای دژەتیرۆری عێراق شوێنی چەکدارانی داعشیان دیاریکردووە، گەمارۆیان داون، بە فڕۆکەی ئێف 16ـش هێرشیان کردوونەتە سەر، بەهۆیەوە سەرجەم چەکدارەکان کوژراون، کە بەگوێرەی زانیارییە بەراییەکان 7 چەکدارن، یەکێکیان سەرکردەیەکی مەترسیدارە.
لە سێ رۆژی رابردوودا ئەوە دووەمجارە بە فڕۆکە هێرش دەکرێتە سەر چەکدارانی داعش. رۆژی پێنجشەممە، 20-06-2024 شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لە ناوچەی وادی شای لە سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، بە فڕۆکەی F16ـی سوپای عێراقی گرووپێکی سێ کەسی چەکدارانی داعش و مۆڵگە، ئەشکەوت و توونێلەکانیان کراونەتە ئامانج.