ڕێژنە میدیا
سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمەڵەکان ڕایدەگەیەنێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەزگای ئاسایش بانگهێشتی کردوون و داوای لێکردوون بە فەرمی بارەگاکانیان چۆڵبکەن، ئەگەر نا هێزی عێراقی دێتە سەربارەگاکانیان، دەشڵێت ئێمە بە ڕاشکاوی وتوومانە و دەیڵێینەوە بارەگاکانمان چۆڵناکەین و ئەگەر فشاری زیاتریشمان لێبکەن ڕێگەی تر دەگرینە بەر.
سەرچاوە باڵاکەی هەرسێ باڵی کۆمەڵەکان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،” دەزگای ئاسایش هەرسێ کۆمەڵەکەی بانگهێشت کرد و پێیان وتین ئەگەر بارەگاکانتان چۆڵ نەکەن هێزی عێراقی دێتە سەرتان، پێشیان وتین یان بچنە سورداش یان عەربەت.”
سەرچاوەکە وتیشی،” بەڵام وتوومانەو دەیڵێینەوە ئێمە بارەگاکانمان چۆڵ ناکەین، بۆ ئەمە لەگەڵ یوئێن و چەند لایەنێک تەنانەت پەیاممان داوە بە دەوڵەتی عێراق، بەڵام وادیارە فشارەکان کۆتاییان نایەت لەسەرمان. ئیتر هەر ئەوە هەیە یان قەڵاچۆمان بکەن و کۆمەڵکوژمان بکەن.”
دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتڕاستکردنەوەی بابەتەکە و هۆکاری پشت ئاگادارکردنەوەکەی ئەم حزبانە چەند جارێک پەیوەندی کرد بە دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
فشارەکانی ئێران بۆ چەک کردنی هێزە کوردیەکان لە دوای ڕووداوەکانی “شۆڕشی ژینا ئەمینی” و هێرشەکانی دوو ساڵی ڕابردووی ئێران بۆسەر ئەو حزبانە دەستی پێکردووە و ڕێكەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا.
عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆتایی مانگی سێی 2023دا سەردانی عیراقی کردوو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتنامەیەکی ئەمنیان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنوردارکردنی جموجۆڵی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران.
ئێران ڕۆژی 19 ی ئەیلولی 2023 ی وەکو دوا وادە بۆ چەککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی دانابوو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زرگوێز و کۆیەو ناوچەکانی تر “چەککران”.
سەرچاوە باڵاکە وتی،” ئێمە وابڕیارمانە وەک هەرسێ کۆمەڵەکە کە چۆڵی ناکەین و دەمێنینەوە، چونکە پێشتر مەرجەکانمان قبوڵکرد دیاردەی چەکداریمان نەهێشتووە و لەگەڵ پێوەرە ستاندارە جیهانیەکان گونجاندوومانە، یوئێن خۆی هاتووە و لە نزیکەوە سەردانی بارەگاکانیان کردووە.”
وتیشی،” بۆیە ئەوەی ئێستا ئەیانەوێت بیکەن شکاندنی هەیمەنە و سنبول و هێمای ئەو حزبانەیە کە لەو بارەگایانەدا هەیە، بە کوردیەکەی وەک موجاهیدینی خەڵک دەیانەوێت لە خاکی هەرێم و عێراق دەرمان بکەن، بەڵام ئەگەر ناچارمان بکەن و فشارەکان بەردەوام بن ڕێگەی تر دەگرینە بەر کەرەنگە هیچ لایەنێک حەزی لێ نەکات.”