ڕێژنە میدیا
فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی، ئیتاڵیا بە بەرپرسیار دەزانێت لە نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران، کە بەهۆیەوە 64 کۆچبەر گیانیانلەدەستداوە.
ئەندامێکی فیدراسیۆنەکە دەڵێت: “ئیتاڵیا ئەو کەسانەش سزادەدات کە بەهانای کۆچبەرانەوە دەچن.”
عیرفان کەریم، ئەندامی سکرتارییەتی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی، ڕایگەیاند “لەو بەلەمەی کۆچبەران کە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوتووە، 10 کەس رزگاریان بووە، یەکێکیان تورکمانە، یەکێکیان خەڵکی سووریایە و ئەوانی دیکە خەڵکی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانن”.
لەبارەی دەرهێنانەوەی تەرمەکانیش، ئەندامەکەی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی گوتی: “پۆلیسی ئیتاڵیا حەوت تەرمی دۆزیوەتەوە، بەڵام چەند تەرمێک ناناسێندرێنەوە، بەهۆی ئەوەی رووخساریان شێواوە و دەبێت کەسوکاریان سەردانی ئیتاڵیا بکەن بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی”.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان JCC کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات 21 کەس لەوانەی لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە بێسەروشوێن بوون، کەسوکاریان پەیوەندییان پێوەکردوون، تاوەکو ئێستا 21 هاونیشتیمانی وەکو بێسەروشوێن تۆمارکراون، 9 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، 11یان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، کەسێکیشیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
عیرفان کەریم دەڵێت، نزیکەی 19 بۆ 20 کەس لەوانەی لەنێو بەلەمەکەدا خنکاون، خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
لەبارەی هەوڵەکانی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراق بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانیش، عیرفان کەریم گوتی، “ئێمە لە رێگەی رێکخراوی پزیشکانی بیێسنوور لە پەیوەندیداین بۆ دۆزینەوە و سۆراخی ئەو کەسانە و تەرمەکانیان”.
عیرفان کەریم، حکومەتی ئیتاڵیا بە بەرپرس دەزانێت لە نقوومبوونی بەلەمەکە و دەڵێت: “ئیتاڵیا بۆ داپۆشینی رووداوەکە و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریێتی، رێگە بە هەموو رێکخراوێک نادات بچێتە ناوچەکە و دەستی بە زانیارییەکان بگات. کەسانێک خۆبەخشانە لە دەریاکان بە هانای پەنابەرانەوە دەچن، بەڵام ئیتاڵیا رێگرییان لێدەکات و سزایان دەدات”.