ڕێژنە میدیا
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت” زۆربەی سەرنشینەکانی ئەو بەلەمەی لە ئاوەکانی ئیتاڵیا نوقمبوون کوردی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانن”.
بەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند” لە نزیك ئاوەكانی ئیتاڵیا بەلەمێکی کۆچبەران بە ٦١ سەرنشینەوە ژێرئاوكەوت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بەهاناوەچوونی پۆلیسی دەریاوانی ئیتاڵیا توانرا ١٢ كۆچبەریان رزگار بكرێن، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک یەکێک لە رزگاربوەکان گیانی لەدەستدا و ١١ کەسەکەی دیکەش لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.
ئەوەشی خستەڕوو، ٤٩ کۆچبەرەکەی دیکە بێسەروشوێنن و تا ئێستاش پۆلیسی دەریاوانی ئیتاڵیا بە دوایاندا دەگەڕێن.
وتیشی” زۆربەی سەرنشینەکان کوردی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانن و ژمارەیەکی کەم خەڵکی ئەفغانستانیشیان لەگەڵدا بووە، بۆ ئەو مەبەستەش بەدواداچوون بۆ زانینی ناسنامەی رزگاربووان و قوربانییان دەستیپێکردووە”.
سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان ئاشکراشیکرد کە هەر ئەمڕۆ بەلەمێكی دیکە لە ئاوی یۆنان بە ٥٨ سەرنشینەوە ژێرئاوكەوتووە کە ١٠ كۆچبەریان گیانیان لەدەستدا و هێشتا ناسنامەیان نەزانراوە.