ڕێژنە میدیا
دابەشکردنی موچەی خانەنیشنانی هێزەکانی یەکەی 70ی سەر بەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگیراو وەزارەتی داراییش دەڵێت، “لیستەکانیان کەموکوڕی زۆری تێدایەو چوار ساڵە ئامادەنین دۆسیەکانیان بۆ بنێرن“.
بهگوێرهى یاسای چاکسازییو ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستانو عێراق، نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوهبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی موچە وەربگرێت.
ئهوهش ئاشكراكراوه، خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی (70) تائێستا هیچ داتاو زانیارییو دۆسیەیەکیان لەبەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکارییو بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان نییە، لەوەزارەتی دارایی عێراقو وەزارەتی دارایی هەرێمیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە.
دۆسیەی زۆربەیان کەموکوڕی زۆری تێدایە، بەجۆرێک بۆ خانەنیشنی هەر موچەخۆرێکی سەربازیی پێویستە مەرسومی هەرێمی بۆ دەربچێت، بەڵام بەشێکی زۆریان مەرسومی هەرێمییان نییە.
پێشتر وەزارەتی داراییو ئابوریی هەرێم یەکەی 70 ئاگادارکردوەتەوە، بەرپرسیارنین لەدواکەوتنو نەدانی موچەکانیان، بەڵکو پێویستە فەرماندەیی هێزەکانی یەکەی (70) کاربکات بۆ ئەوەی بەزووترینکات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنیشنی.
ژمارەی خانەنیشنانی هێزەکانی 70 نزیکەی نۆ هەزار کەسەو گوژمەی موچەیان نزیکەی چوار ملیار دینارە.
بۆ چارەسەرى ئهم پرسهش لەڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقدا ئهوه ڕونكراوهتهوه، نابێت لەیەکەی 70 بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی هەبێتو دەبێت دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشنی سەر بەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم.