ڕێژنە میدیا
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانەی کۆنفرانسی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، “داوای لێبوردن لە گەنجان و ژنان و دانیشتووانی گەرمیان دەکەم بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو“.
لەمیانەی وتەکانیدا بافڵ تاڵەبانی وتی، “گەرمیانەکان رێگربوون و نەیانهێشت پارچە پارچە بین، بۆیە داوای دەنگ لە گەرمیانەکان دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم حکومەتە”.
سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی ئاڕاستەی پارتی کرد و وتی، “لە هەولێرەوە بە پارتی دەڵێم کۆتایی بە چی دەهێنین، ئەوەی پارتی نایزانێت دیموکراسییە”.
وتیشی، “دوو ساڵ پێش ئێستا بە د. فوئادم وت بە پارتی بڵێت دەستی کاک مەسعود ماچ دەکەم با رێکەوین بۆ خزمەتی کوردستان، بەڵام وتیان رێککەوتن ناکەین، بۆیە هەر ئەو رۆژە وتم پارتی دیموکراتی کوردستان دەخەمە سەر ئەژنۆ”.
بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەشکردەوە، “پارتی هەوڵیدا هەڵبژاردن دوابخات، بەڵام نەیتوانی”.
لە درێژەی قسەکانیدا بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی ئاڕاستەی مام ڤاندام کرد و وتی، “مام ڤاندام ئەگەر دەنگ لە پارتی زیاتر هێنا پێمان خۆشە بێیتە ناو کوتلەی ئێمە”.