ئابووریکوردستانهەواڵ

وەزارەتی دارایی : لەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول هاتە دەنگ

ڕێژنە میدیا

 

وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت، بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، 305 ملیار دینار كورتهێنانیان هەیەو چاوەڕوانین لەنزیكترین كاتدا گوژمەی تەواوكاری بۆ مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە خەرج بكرێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بكەین.

ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

دوای سەردانی شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، لەدوو هەفتەی ڕابردوودا بۆ شاری بەغداد و كۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی زۆری كێشە تەكنیكیەكانی لیستی مووچە چارەسەر كرا و بڕیاردرا بەخەرجكردنی هەموو ئەو لێبڕینانەی لەلیستی مووچەی مانگەكانی ڕابردوو ڕاگیرابوون.

١- ڕۆژی دوو شەممە ( ٢٠٢٤/١٠/٧ ) بڕی (٣٢٩،٣٩٢،٠٠٠،٠٠٠) سێسەد و بیست و نۆ ملیار و سێسەد و نەوەد و دوو ملیۆن دینار وەك شایستەی مووچەی مانگی ئەیلولی هێزە ئەمنییەكان خرایە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.

٢- بڕی تەمویلی ماوە لە بەردەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دوای پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی مانگی ئاب بریتییە لە ( ٣٦١،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سێسەد و شەست و یەك ملیار دینار.

٣- كۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول بریتییە لە ( ٦٩٠،٣٩٢،٠٠٠،٠٠٠ ) شەش سەد و نەوەد ملیار و سێ سەدو نەوەدو دوو ملیۆن دینار بەوەش نزیكەی( ٣٠٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سێسەد و پێنج ملیار دینار كورتهێنان بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.

٤- لەسەر بنەمای ئەو بەڵێن و لێكتێگەیشتنانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە بە شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دراوە لەم چەند ڕۆژەدا سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بكرێت كە لە مووچەی مانگەكانی ڕابردوو بڕدرابوو، تا بتوانرێت كورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلولی پێ پڕ بكرێتەوە.

٥- لەمانگی تەمووزەوە كە مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای عێراق كراوە، ئەو تەمویلەی كە بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد بووە و بڕەكەی مانگانە نزیكەی ( ٤٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) چل و پێنج ملیار دینارە و سەرجەمی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابین كراوە، سەرەڕای پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغداد و ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ تەمویلێك بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان خەرج نەكراوە.

٦- زیاتر لە مانگێكە نووسراوی گواستنەوەی پارە لە بڕگەی تەرخانكراوی خەرجی بەكاربردنەوە بۆ بڕگەی تەرخانكراوی چاودێری كۆمەڵایەتی و خانەنشین لەپشكی هەرێمی كوردستان لەوەزارەتی دارایی عێراقە تا بتوانرێت تەرخانكراوی دارایی بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان دەستەبەر بكرێت، بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە كاری لەسەر نەكراوە.

وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری چاوەڕوانین لەنزیكترین كاتدا گوژمەی تەواوكاری بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە خەرج بكرێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بكەین.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button