کوردستانهەواڵ

لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی کۆمەڵێک کارمەند لەکارەکانیان دورخرانەوە بەهۆکاری دەربڕینی ناڕەزایی نەهاتنی موچەکانیان

ڕێژنە میدیا

 

پزیشکانی خولاوی نەخۆشخانەی شار ڕایدەگەیەنن” بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتیان لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان دەربڕیووە، لە کارکردن دوورخراونەتەوە“.

پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم – سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە” ‏‎دوای ئەوەی کە ساڵی ٢٠٢٣، ٣ موچەمان خورا و پاش دواکەوتنێکی زۆر موچەی مانگی هەشت درا و هێشتا موچەی مانگی ٩ی ئەمساڵی فەرمانبەران دابەش نەکراوە و دیاریش نییە کە ئایا ٤ موچەی داهاتووی ئەمساڵ کەی دابەش دەکرێت”.

دەشڵێن” گرنگە لامان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە کە ئێمەی پزیشکانی گەنج بەدەر لە مووچەکانمان سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتمان نییە و بۆ بەردەوام بوونمان پێویستمان بە پێدانی شایستە داراییەکانمان هەیە، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لەبەر زۆر دواکەوتنی مووچە و دروستکردنی بارگرانییەکی زۆر لەسەرمان، بایکۆتی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانمان کرد و چیدی نەمانتوانی لەسەر ئەرکەکانمان بەردەوام بین، وە دوێنێ دوای هاتنی موچەی مانگی ٨، بڕیاری شکاندنی بایکۆتماندا، بەڵام کاتێک چووینەوە سەر دەوامی فەرمی و گەڕاینەوە سەر ئەرکەکانمان، پێمان وتراوە کە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بە بڕیارێک ئێوەی دوور خستۆتەوە و مافی دەوامکردن و نەخۆش بینیتان نەماوە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە” تا ئەو کاتەشی بەڕێوەبەرایەتی بڕیاری پێچەوانە دەدات ئێوە هەموو ڕۆژێک بە نەهاتوو هەژمار دەکرێن، لە کاتێکدا ئەمە تەنها بە زارەکی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکانەوە پێمان وتراوە و بە هیچ نووسراوێکی فەرمی ئەم بڕیارە پاڵپشتی نەکراوە”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیەیە:

بەیاننامەی هاوبەشی پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم – سلێمانی
بەناوی خودا

بۆ ڕای گشتی و هەریەک لە بەڕێزان:
د. سامان بەرزنجی- وەزیری تەندرووستی هەرێمی کوردستان
د. ڕەهێڵ فەرەیدون- بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان

داواکاری گشتی

‏‎وەک ڕوونە لای هەمووان، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە دۆخێکی سەخت و ناهەمواری ئابووری تێپەڕ دەبێت و دواکەوتنی مووچە گرفتێکی زۆری بۆ هاوڵاتیان بە گشتی و چینی فەرمانبەران بە تایبەتی درووست کردووە.

‏‎دوای ئەوەی کە ساڵی ٢٠٢٣، ٣ موچەمان خورا و پاش دواکەوتنێکی زۆر موچەی مانگی هەشت درا و هێشتا موچەی مانگی ٩ی ئەمساڵی فەرمانبەران دابەش نەکراوە و دیاریش نییە کە ئایا ٤ موچەی داهاتووی ئەمساڵ کەی دابەش ئەکرێت، ئێمە وەکو پزیشکانی گەنج بەردەوام لە خزمەتی هاوڵاتیان بووین و سەرباری دواکەوتنی شایستە داراییەکانمان و درووست بوونی ئاستەنگ و بارگرانی هەموو کاتێک بێ کەم و کوورتی لە ناو نەخۆشخانەکان لە خزمەتی نەخۆش بووین ، بەڵام گرنگە لامان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە کە ئێمەی پزیشکانی گەنج بەدەر لە مووچەکانمان سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتمان نییە و بۆ بەردەوام بوونمان پێویستمان بە پێدانی شایستە داراییەکانمان هەیە، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لەبەر زۆر دواکەوتنی مووچە و دروستکردنی بارگرانییەکی زۆر لەسەرمان، بایکۆتی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانمان کرد و چیدی نەمانتوانی لەسەر ئەرکەکانمان بەردەوام بین، وە دوێنێ دوای هاتنی موچەی مانگی ٨، بڕیاری شکاندنی بایکۆتمان دا، بەڵام کاتێک چووینەوە سەر دەوامی فەرمی و گەڕاینەوە سەر ئەرکەکانمان، پێمان وتراوە کە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بە بڕیارێک ئێوەی دوور خستۆتەوە و مافی دەوامکردن و نەخۆش بینیتان نەماوە. تا ئەو کاتەشی بەڕێوەبەرایەتی بڕیاری پێچەوانە دەدات ئێوە هەموو ڕۆژێک بە نەهاتوو هەژمار دەکرێن. لە کاتێکدا ئەمە تەنها بە زارەکی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکانەوە پێمان وتراوە و بە هیچ نووسراوێکی فەرمی ئەم بڕیارە پاڵپشتی نەکراوە.

ئەمە جگە لەوەی کە زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتییانە کە دوور ئەبن لە خزمەتگوزاری تەندروستی، بێڕێزییەکی گەورەشە بە شکۆی زانست و پیشەی پزیشکی کە دوای ١٨ ساڵ خوێندن لەبری پێزانین و ڕێزگرتنی هەوڵ و ماندووبوونی ئێمە کە چەند مانگێک بەبێ مووچە لە ئەرکەکانمان بەردەوام بووین، کەچی بەو شێوازە نابەرپرسانە مامەڵەمان لەگەڵ کراوە.

بۆیە ئێمە داواکارین هەرچی زووترە، داوای لێبوردن لە پزیشکانی گەنج بکرێت لەلایەن ئەو کەسانەی کە ئەم هەڵوێستە نابەرپرسانەیان نوواندووە.

پێدانی مووچەی مانگی نۆ

وەرگرتنی مووچەکانمان مانگانە لە کاتی خۆیدا.

شایانی باسە ئەمانەی ئێمە داوای دەکەین مافی زۆر سەرەتاین و پێمان وایە کە لە بنەڕەتدا پێویست بە داواکردن ناکەن، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا کە شکۆی زانست و ماندوبوونی پزیشکان پایەماڵ دەکرێن.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button