ڕێژنە میدیا
ئهگهرچی شەوى رابردوو وەزارەتى دارایی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕوانن بەغدا تەواوکاریی مووچەى مانگى ئاب بنێرێت، بەڵام تا ئێستا وەزیرى دارایی حکومەتى فیدراڵ رەزامەندى لەسەر ناردنى ئەو بڕە پارەیە نەداوە.
بەپێی زانیارییهكان، شاندێکى وەزارەتى دارایی هەرێم لەبەغدا بوون و هەردوو لیستى مووچەى مانگى ئاب و ئەیلولیان رادەستى بەڕێوەبەرە گشتییەکانى وەزارەتى دارایی فیدراڵ کردووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە کۆبوونەوەى بانکەکانى ئاسیا بووە لە ئۆزباکستان شاندەکەى هەرێمى کوردستانى نەبینیوە.
هەر بەگوێرەى ئەو زانیارییانە، هەردوو لیستى مووچەى مانگى ئاب و ئەیلول و دەرئەنجامى کۆبوونەوەى بەڕێوەبەرە گشتییەکانى وەزارەتى دارایی هەرێم و وەزارەتى دارایی فیدراڵ ئامادەکراوە بۆئەوەى رۆژى 29ی ئەیلول بخرێتە بەردەم تەیف سامى و بڕیارى لەسەربدات.
وەزارەتى دارایی هەرێم شەوى رابردوو رایگەیاند، بەغدا رەزامەندى لەسەر ناردنى تەواوکارى مووچەى مانگى ئابى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نیشانداوە، چاوەروانن پارەکە بگاتە هەرێمى کوردستان و دەست بە دابەشکردنى مووچە بکەن.