ڕێژنە میدیا
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان، بانگەشەیەکی ئارام و شارستانیانە و لە سەر خۆ بکرێت، سەرۆکوەزیران هیوای خواست کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە خزمەتی دەسکەوت و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری دیموکراسیی بێت.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی سێ یەکەمی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی وپزیشکی دەیانگرێتەوە) دەیانگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە هەریەک لە سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستەڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە، هەروەها ئاماژە بە ڕەوایی داوایان بۆ بەهەمیشەییبوون لەسەر میلاکی گشتی کرا، بە تایبەتی کە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجامدراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخانکراویی مانگانەیان لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە پەسەندکراوە.
سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی وەک سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلە بەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە، ئاماژە بەوە درا کە هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ بە یاسای تایبەت بە خۆیان، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ڕەخساوە کە پێویستە ئەوانەی هەرێمیش وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕآڵ، مامەڵە بکرێن و بە گوێرەی هەمان یاسا، بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە کە پلەی وەزیفی پێویست و تەرخانکراوی داراییان بۆ دابین بکات لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 بە ڕەچاوکردنی بنەمای هێنانەدی یەکسانی لە نێوان هەرێم و بەغدا کە هەم دەستوور و هەم دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردۆتەوە، بە تایبەتیش لەم قۆناغە کە پەیوەندی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا چووەتە ئاستێکی بەرز بە ئاراستەی یەکخستنی ڕێکارە داراییەکان و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچە و دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەمووان لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکوومەتی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان . بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردران کە ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.
سەبارەت بە سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ پلەی وەزیفی و تەرخانکراویی دارایی پێویست دابین بکات بە گوێرەی ئەو یاسایانەی کە هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی پێ دامەزراوەن بە هەمان میکانیزم و ڕێکار و مەرجە بەرکارەکان و بە گوێرەی پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم، ئەویش لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025 کە بە داخەوە لە دوای ساڵی 2013ەوە هیچ پلەیەکی وەزیفی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەکراوە و ژمارەی میلاکی هەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی و ئابووریی و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە لە هەرێم ڕاسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی فیدڕاڵ، ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر.