ڕێژنە میدیا
یەکێتی و پارتی بودجەی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژادن بۆ کاندیدەەکانیان دابین دەکەن، پارتی 18 هەزار دۆلار و یەکێتی 10 ملیۆن دینار بە هەر کاندیدێک دەدات.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە دوو حزبی دوو سەڵاتداری خاوەن هەژموونی هەرێمی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بودجەی تایبەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدەکانیان دابین دەکەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەنگی ئەمەریکا بە ناوی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، پارتی بڕیاریداوە، بۆ هەر کاندیدێک بڕی 18 هەزار دۆلار بەسێ گوژمە تەرخان بکات.
بەپێی زانیارییەکان، ئێستا کاندیدانی پارتی یەکەم گوژمەی پارەکەیان وەرگرتووە، کە بڕەکەی شەش هەزار دۆلارە و بڕیارەیشە دوو گوژمەی دیکەی شەش هەزار دۆلاری وەربگرن.
بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، کاندیدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن داوای بڕی بیست ملیۆن دیناریان بۆ هەر کاندیدێک کردووە، بەڵام تا ئێستا دوو ملیۆن دینار دراوە بەهەر کاندیدێک و چاوەڕوان دەکرێت هەر کاندیدێک دە ملیۆن دیناری پێبدرێت.
بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات کە بڕیارە ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەبچێت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەزار 431 بنکەی دەنگدان دەکاتەوە، کە هەزار و 266ـ بنکەیان بۆ دەنگدانی گشتی و 165بنکەشیان دەنگدانی تایبەت دەبن