جیهانهەواڵ

نەتەوەیەکگرتوەکان ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات و دەلێت ئەوەی لە لوبنان ڕویدا تاوانی جەنگە

ڕێژنە میدیا

نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێت، تەقاندنەوەی بێتەل‌و پەیجەرەکانی لوبنان بەتاوانی جەنگ دادەنرێت‌و باڵاترین دیپلۆماتی لوبنانیش ئیسرائیل بەئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی تۆمەتباردەکات.

ڤۆڵکەر تورک کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەدانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکاندا لەبارەی لوبنان وتی، “یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دانانی تەڵەی لەئامێرە بێ زیانەکان قەدەغەکردوە، پێشێلکردنی ئەو یاسایە تاوانی جەنگەو داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆو شەفاف دەکەین”.

ڕۆژانی 17و 18ی ئەیلول، لەئەنجامی تەقینەوەی هەزاران ئامێری پەیجەرو وۆکی تۆکی (بێتەل) لەسەرتاسەری لوبنان، 37 کەس کوژران‌و زیاتر لەسێ هەزاری دیکەش برینداربون، زۆربەی ئەوانەشی بونە قوربانی، چەکدارو ئەندامی حزبوڵڵا بون‌و ئیسرائیل تائێستا هیچی لەبارەی تەقینەوەکانەوە نەوتوە.

دەسەڵاتدارانی لوبنان پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژدەکەن.

ڤۆڵکەر تورک هەروەها وتی، “بەو ڕوداوەو کاریگەرییەکانی حەپەسام، ئەوجۆرە هێرشانە پەرە بەهەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ دەدەن‌و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەکرێنە چەك”.

هەر لەکۆبونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە لەسەر داوای جەزائیر بەڕێوەچوو، عەبدوڵڵا بووحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان وتی، “ئەوەی کرا ڕێگەیەکی نوێی جەنگ‌و تیرۆرە، بەم دوژمنکارییە، ئیسرائیل پێشێلی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی کرد”.

حزبوڵڵا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەکات‌و ئەمریکاش چاوی لەسەر چارەسەری دیپلۆماسییە، ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردوش، کارین ژان پیێر وتەبێژی کۆشکی سپی لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕوای وایە دەکرێت ئەو دۆخەی هەیە چارەسەربکرێت، سەرۆک هێشتا بڕوای وایە کە دەبێت گەشبین بین‌و چارەسەری دیپلۆماسی باشترین ڕێگەیە”.

 

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button