ڕێژنە میدیا
ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، لەبەرئەوەی بەکارهێنانی تیلیگرام ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە، بەکارهێنانی بۆ دامەزراوەکان و بەرپرسان قەدەغە کردووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و سەربازی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی 20-9-2024 بڵاوکرایەوە، نووسیویەتی، بەهۆی “مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی” بڕیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تیلیگرامی بۆ دامەزراوە ئەمنی و سەربازی و ژێرخانییە گرنگەکان داوە.
کیریل بودانۆڤ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەمە پرسێکی تایبەتی نییە، پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی ئۆکرانیا هەیە.
بە وتەی بودانۆڤ، رەنگە مۆسکۆ دەستی بگات بە نامەکانی تێلێگرام، تەنانەت نامە سڕدراوەکان و زانیارییە کەسییەکانی بەکارهێنەرانیان.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی ئۆکرانیا بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی راگەیاندووە، تیلیگرام سەرچاوەیەکی گەورەی دزەپێکردنی زانیارییە، “چونکە ڕووسیا زۆر بە ئاسانی هاک دەکات”.
پێش ئەم قەدەغەکردنە، دامەزراوە گرنگ و ئەمنی و سەربازییەکانی ئۆکرانیا زۆربەی پەیوەندییەکانیان لە رێگەی تیلیگرامەوە ئەنجام دەدا.
ئۆکرانیا رایگەیاند کە قەدەغەکردنی بۆ کەسانی مەدەنی دانەناوە.