ڕێژنە میدیا
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژە بەوە دەدات، داپۆشینی جام و ژمارەی ئۆتۆمبێل بە وێنە، پۆستەر، دروشم و لۆگۆ، بە هیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نییە و ڕێكاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتە بەر.
كەمێك پێش ئێستا (چوارشەممە 18/9/2024)، لیژنەى ئەمنیى پارێزگاى هەولێر، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “چەند شەوێکە لە شەقامە سەرەکییەکانى شار و شوێنە گشتییەکان، کەسانێک بە كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل و داپۆشينى جام و ژمارەى ئۆتۆمبێلەکانیان بە وێنه و پۆستهر و دروشم و لۆگۆ و بەکارهێنانى ئامێرى بێزاركهر، هەن، جگە لە دروستکردنى قەرەباڵغییەکى زۆر و ئاستهنگیی هاتوچۆ، بوونەتە هۆى ناڕهحهتى و بێزاریى هاووڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستەش ئاگادارى هەموو لایەک دەکەینەوە لەمڕۆوە تاوەکوو دەرکردنى بڕیاری پێویست لەبارەى بانگهشهى ههڵبژاردن، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بە هیچ شێوەیەک ئەو کارانە ڕێگەپێدراو نییە.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، پۆلیسى هاتوچۆ، ئاسایش و پۆلیس، دەستکراوە کراون بۆ وەرگرتنى ڕێکارى یاسایی لە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک كە ئەو جۆرە سهرپێچییانە بكات، هەر کەسێکيش پابەند نەبێت، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.”