ڕێژنە میدیا
شارەزایەکی بواری کەشناسیی زانیاری نوێ لەسەر رەوشی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و وادەی بارانبارین ئاشکرا دەکات.
سیروان ساڵح شارەزای بواری کەشناسی دەڵێت: لە دوای نیوەی ئەم مانگەوە دەرفەتی کاریگەری ناوچە پەستان نزمەکان بەرەو ناوچەکەمان دەستپێدەکات، لە ئێستادا ناوچەیەکی پەستان نزم لە خۆرهەڵاتەوە واتە لە ئەفغانستان و ئێرانەوە دەرکەوتووە، هاوڕێ لەگەڵ هەوایەکی فێنك ئەمەش حاڵەتێکی ناوازەو گۆڕانکارییەکی روونی کەشوهەوایه لە ناوچەکە.
دەشڵێت: لەلایەکی تریشەوە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە شەپۆلێکی بارانی بەهێز باکووری خۆرئاوای ئەفریقای گرتۆتەوە، هەر لە وڵاتی تونسەوە هەتاوەکو مەغریب، لەوێشەوە تاوەکو ناوجەرگەی وڵاتانی ئەوروپا و چیاکانی ئەڵپ و نیمچەدورگەی بەڵقان.
ئەو کەشناسە پێشبینی کردووە: لە نیوەی دووەمی ئەم مانگەوە لە نێو خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست حاڵەتێکی بەهێزی بارانبارین دروست ببێت و بەشێکی زۆری دەوروبەری کەنارەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی دەریاکه بگرێتەوە، هەردوو بارودۆخەکەی پێشوو کە باسمان کرد لە بەرژەوەندی وڵاتانی شام و عێراق و کوردستان و دەوروبەری بێت به زووتر کۆتاییهاتنی شەپۆلەکانی گەرما و وشکی لە تەواوی ناوچەکە، بەکورتی پێشبینیمان وایە لە هەرێمی کوردستان کەشوهەوای ئەم چەند مانگە بەم شێوەیه گۆڕانکاری بەسەردابێت :-
1- لە نیوەی دووەمی ئەم مانگە ئەگەری دوو حاڵەتی بارانی لاوازمان هەیە بەزۆریش ناوچە شاخاویەکان.
2- ئەگەر هەیه نیوەی دووەمی مانگی 10 لە پارێزگای دهۆک و ناوچەشاخاویەکانی باکووری هەولێر بارانی پەڵە ببارێت.
3- لە مانگی 10 بەزۆریش نیوەی دووەمی سێ حاڵەتی بارانی لاواز تا مامناوەندمان هەیە.
4- ئەگەر هەیە بارانی پەڵەی سەرتاسەری بکەوێتە مانگی 11ەوە.