ڕێژنە میدیا
ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پارێزگاری هەولێر لە بازگەی شێراوە ڕایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، کە چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی پشووی جەژنی قورباندا، گەشتیارێکی زۆر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەولێر بکەن.
پارێزگاری هەولێر ڕوونیکردەوە: ئەو ڕێکارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان ئەنجام دەدرێت، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی شار و هاووڵاتییانە، هەروەها زۆرجار هاوکاری حکوومەتی فیدراڵی کراوە بۆ ناسینەوە و دەستگیرکردنی داواکراوانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
هەروەها ئومێد خۆشناو گوتیشی: بازگەی شێراوە یەکێکە لەو دەروازانەی زۆرترین گەشتیاری لێوە سەردانی هەولێر دەکات و لەلایەن ئاسایشی بازگەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزارەوە، هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکرێت و بەشێوازێکی باش پێشوازییان لێ دەکرێت و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتییان لە سەرووی هەمووی کارەکانەوە.
لەبارەی ژمارەی گەشتیارانەوە، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد: ڕۆژانە زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار دێنە هەولێر و تاوەکوو ئێستا نزیکەی 100 هەزار گەشتیار لە بازگەی شێراوەوە، سەردانی هەولێریان کردووە بە مەبەستی بەسەربردنی پشووی جەژنی قوربان و چاوەڕێش دەکەن، ئەو ژمارەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زیاتر بێت.