ڕێژنە میدیا
ئاسایشی سلێمانی له زڕگوێز سەردانی بارەگاکانی هەرسێ کۆمەڵەکەیان کردووە و بە فەرمی داوایان لێکردوون تا کۆتایی مانگ بارەگاکانیان چۆڵ بکەن و بچنە کەمپە نوێکانیان لە سورداش.
به وتهی سهرچاوهیهكی باڵا لە یەکێک لە حزبەکانی کۆمەڵە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: “دوێنێ چوارشهممه 4ی ئهیلولی 2024، هێزێکی سەر بە ئاسایشی سلێمانی سەردانی هەرێمی بارەگاکانی کۆمەڵەیان کرد، سەردانەکە بۆ ئەوە بوو کە ئاگادارمان بکەنەوە تا کۆتایی مانگ مۆڵەتی مانەوەمان هەیە لە هەرسێ بارەگاکانی کۆمەڵەکان لە زڕگوێز، بانە گەورە و زڕگوێزەلە، داوایان کرد بە زوویی بارەگاکانمان چۆڵ بکەین و بچینە کەمپە نوێکانمان لە سورداش”.
سهرچاوهكه باسی لهوهشكردووه، “بەهۆی زیادبوونی فشارەکانەوە لەسەرمان رۆژی دوو شەممە 2ی ئهیلول، نوێنەری هەر سێ کۆمەڵەکە سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانمان کرد، بەڵام نەگەشتینە هیچ دەرئەنجامێک بۆ مانەوەمان، بۆیە هەوڵەکانمان بۆ مانەوە لە زڕگوێز بێ ئاکام کۆتایی هات”.
بە پێی نوسراوێکی فەرمی رۆژی 19ی ئابی 2024، هەشت قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، داوا لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات رەزامەندی دەرببڕێت بۆ بەکارهێنانی کەمپی سورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە هەمان رۆژ وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و رەزامەند بووە بە داواکەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.
گواستنەوەی حزبە کوردیەکان لە زڕگوێز پەیوەستە بە رێککەوتنێکی ئهمنی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023، تایبەت بە پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات.
عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆتایی مانگی ئازاری 2023دا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رێکكەوتنامەیەکی ئەمنییان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنوردارکردنی جموجۆڵی حزبەکانی کوردستانی ئێران.
لە دوای چەند جارێک هێرشی ئێران بۆسەر بارەگای حزبە کوردییەکان لە مانگی ئهیلولی 2022، حکومەتی ئێران رۆژی 19ی ئهیلولی 2023ی وەک دوا وادە بۆ چەککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دانابوو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زرگوێز و کۆیە و ناوچەکانی تر “چەککران.” بەڵام لە ئێستادا حکومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە بەوەی لەو کەمپانەش بگوازرێنەوە و لە سورداش جێگیربکرێن.