ڕێژنە میدیا
پێچەوانەبونەوەی بەرەی شەڕ لەئۆکرانیاوە بۆ ناو ڕوسیاو پارێزگای کۆرسک، جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیای بردوەتە قۆناغێکی مەترسیدار، کاربەدەستو پسپۆران لەمۆسکۆ دەڵێن، بارودۆخەکە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا ترسناک نەبوەو دورنییە جەنگێکی دیکەی جیهانی هەڵگیرسێت.
لەگەڵ بەردەوامی ئۆپهراسیۆنی تایبەتی سەربازی ڕوسیا لەئۆکرانیاو هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆسەر ڕوسیا، بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتودا، وهفدێكى ئۆکرانیا بەپڕۆژەیەکی ستراتیژی جەنگی بگەنە واشنتۆن، ئەمەش وایکردوە هەڕەشەکانی مۆسکۆ بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا تەنها لەبەرگی تۆمەتبارکردن بەدابینکردنی هاوکاری سەربازیی بۆ کیێڤو خۆشکردنی ئاگری شەڕەکە نەمێننەوەو ئەمجارە گەڤی لەناوبردنی نەیارەکانی بکات.
ئادەڵبی شخاگۆڤیشێڤە ئەندامی کۆمیتەی ئاسایشو بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لەپەرلەمانی ڕوسیا ئاماژهى بهوهداوه، “ئەم پەلامارە کاتییەو بێگومان وەدەریاندەنێین، دوای ئەمەش هەر لەم ئاراستەیەوە وەکو بەرەکانی دیکەی شەڕ هێرشو پێشڕەوی دەکەین، ئەمە هەنگاوێکی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕۆژئاوایە بەچەکدارانی ئۆکرانیو پۆڵۆنی کراوە، ئێمە زۆرباش ئاگاداری ڕەوشەکەینو لەژێر چاودێریدایە، ژمارەی کوشتارو زیانەکانیان بەهەزارانە”.
ئهو پهرلهمانتارهى ڕوسیا بۆ میدیاى پارتى قسهیكردوهو وتویهتى:”زۆرینەی کەرەستە سەربازییەکانیان تێکدەشکێن ڕۆژانە، ئەوان پێشبینییان نەدەکرد ئێمە بەسەر ئەو هەموو هێزە چەکدارە بەکرێ گیراوەدا سەردەکەوین، بەڵام لەم جەنگەدا تەنها نین، ئابوری وڵاتەکەمان لەسەر ڕێڕەوی خۆیەتی بۆ هەماهەنگی هاوبەشمان هەیە، خەونی ئەوان لاوازکردنی ڕوسیایە، بەمانای درێژەدان بەدونیای تاکجەمسەری ئەمریکا، بەڵام ڕوسیا دونیای تاکجەمسەری هەڵوەشاندەوە، بۆیە ئەمریکا بێباکانە تەماشا ناکات، بەڵام سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە”.
هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر کورسکو بەردەوامی هاوکارییەکانی ڕۆژئاوا بۆ کیێڤ، جەنگەکەی بردوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، کاربەدەستو پسپۆرانی سیاسیو سەربازیی لەمۆسکۆ نیگەراننو بڕوایانوایە هیچ کاتێک باردۆخەکە هێندەی ئێستا ترسناک نەبوە.
دکتۆر ئیقبال دیورە، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێ “پاش پەلاماردانی کورسک، قەیرانی ئۆکرانیا ڕەهەندێکی ترسناکتری وەرگرتوە، چونکە دوای ئەم هێرشە ڕوسیا چەکی قورسی بەکارهێنا لەنمونەی کینژاڵ، ئەمە هەنگاوێکی ڕژدە بۆ سوپای ڕوسیا، دیارە ئۆکرانیاش کاردانەوەی هەیە، لەم نزیکانە وهفدێكى ئۆکرانیا سەردانی ئەمریکا دەکات، ئامانجیان ئەوەیە کە مۆڵەتی بەکارهێنانی چەکی قورسو دورمەودا وەربگرن، تائێستا چەکەکانیان دوری 100 کیلۆمهتر دەبڕێت، خۆ ئەگەر ڕەزامەندیی چەکی قورسو دورمەودا وەربگرن، شەڕەکە فۆرمێکی بەرفراوانترو قورستر وەردەگرێت، ئەمەش ئەشێت ببێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان”.
لەچەند ڕۆژی ڕابردودا دۆناڵد ترەمپ باسی لەجەنگی سێیەمی جیهانی کرد، سرگێی لاڤرۆڤیش ئەو بابەتەی باسکردو جهختیكردهوه، ههموو ئاراستەكان بهوشێوهیه هەنگاو دەنێن.
جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا دوو ساڵو پێنج مانگی تێپەراندوە، بەوتەی کاربەدەستانی باڵای ڕوسیا، هێرشەکەی کیێڤ بۆسەر پارێزگای کورسک، هەموو ئەو هەوڵو هەنگاوانەی کە بۆ ئاگربەستو ئاشتی هەبون، کۆتایی پێهێناوە.
ئێستا بەپەڕینەوەی سەربازو شەڕکەرانی ئۆکرانیا بۆ خاکی ڕوسیا دژواری ڕەوشو ترسناکی جەنگەکە گەیشتوەتە ئاستێک، ڕوسیا زمانی هۆشدارییو ئیدانەکردنەکانی بەرامبەر بەهاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا بۆ هەڕەشەی لەناوبردن بگۆڕێت، ئەمەش ڕێگەکە بەرەو جەنگێکی تەواو جیهانی پەلکێش بکات.