ڕێژنە میدیا
ئهمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی بەریتانیا بەرنامەیەکی بەئامانجی خێراکردنی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ 11 وڵات ڕاگەیاند کە لەنێویاندا عێراق هەیە.
حکومەتی بەریتانیا ژمارەیەک گرێبەستی بۆ ئەو کۆمپانیایانە ڕاگەیاندوە کە دەیانەوێت لەدیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ 11 وڵات هاوکاریی بکەن، یەکێک لەوانیش عێراقە.
حکومەت دەڵێت، “مەبەست لەو بەرنامەیە کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاساییە لەوڵاتەکەدا کە مافی کارکردنو خوێندنیان نییە”.
بەهای گرێبەستەکانی حکومەتی بەریتانیا تایبەت بەو بەرنامەیە دەگاتە 15 ملیۆن پاوەندو بۆ سێ ساڵە.
حکومەت بەدوای هاوبەشدا دەگەڕێت تاوەکو هاوکاریی ئەو کۆچبەرانە بکات کە دیپۆرتی وڵاتانی خۆیان دەکرێنەوە، ئەو هاوکارییە دەکرێت لەگەڕاندنەوەی کۆچبەرەکانو دەکرێت لەهاوکاریکردنیان لەوڵاتی خۆیاندا بێت.
ئەو وڵاتانەی حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت کۆچبەرەکانی بۆ بنێرێتەوە بریتین لە؛ ئەلبانیا، بەنگلادیش، ئەسیوپیا، غانا، هیندستان، عێراق، جامایکا، نایجیریا، پاکستان، ڤیێتنامو زیمبابۆی.
حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە لەشهش مانگی داهاتودا، 14 هەزارو 500 کۆچبەر دیپۆرتبکاتەوە، بەشێکیان ئەو کۆچبەرانەن تاوانیان کردوە.
حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە ئەو کۆچبەرانەش بنێرێتەوە کە لەوڵاتەکەی بەنایاسایی دەژینو کاردەکەن، ئەگەر ژینگەی وڵاتەکەیان گونجاوبێتو هەڕەشە لەسەر ژیانیان نەبێت.
لەشهش ساڵی ڕابردودا زیاتر لە 20 هەزار هاونیشتمانی لەڕۆژهەڵاتی کوردستانو ئێران، نزیکەی 18 هەزار کەس لەئەفغانستان، نزیکەی 16 هەزار کەس لەباشوری کوردستانو عێراقەوە بەبەلەم بەشێوەی قاچاخ چونەتە بەریتانیا، دەیان هەزار هاوڵاتی لەدەیان وڵاتی دیکەشەوە چونەتە ئەو وڵاتە.