ڕێژنە میدیا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە وەزارەتی بازرگانی و دارایی عێراق دڵنیاییان پێداون بەم نزیكانە شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێم كە زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە خەرج دەکات.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” لە بەردەوامیی بەدواداچوونەكان بۆ مافی جووتیارانی هەرێمی كوردستان تایبەت بە دواكەوتنی شایستە داراییەكانی گەنمی ئەمساڵ، دوای پەیوەندییكردن بە هەردوو وەزارەتی بازرگانی و دارایی عێراق دڵنیاییان پێداین كە بەم نزیكانە شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێم خەرجدەكەن كە زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە.”
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتیشی” جگە لە هەرێمی كوردستان لە چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراق خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیاران دواكەوتووە، ئەوەش بەهۆی كەمیی پارەی تەرخانكراو بۆ كڕینی گەنم لە بودجەی ئەمساڵ و زیادكردنی بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆكان لەسەروو ئەو بڕەی پێشتر لە پلانی وەزارەتی بازرگانی دیاریكرابوو بەمەبەستی پشتگیریی زیاتری جووتیاران و بەرهەمی خۆماڵی”.
لە درێژەی قسەکانیدا نەرمین مەعروف دەشڵێت” بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی بازرگانی داوای زیادكردنی تەرخانكراوی دارایی كردووە پشتبەست بە ماددەی ٦٠ی یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی ژمارە ١٣ی ساڵەكانی ٢٠٢٣ ، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ كە دەسەڵات دەداتە ئەنجومەنی وەزیران بە زیادكردنی تەرخانكراوی دارایی بۆ چەند بڕگەیەكی خەرجیی گرنگ لە نێویشیاندا كڕینی دانەوێڵە”.