کوردستانهەواڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی: سه‌رۆكی‌ كابینه‌ی‌ 10یه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مەسرور بارزانی دەبێت

ڕێژنە میدیا

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هێمن هه‌ورامی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ میانی‌ سه‌ردانێكی‌ بۆ رانیه‌ لێدوانی‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان دا و باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ “وه‌ك چۆن پێشتر له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا یه‌كه‌م بووه‌، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا حه‌تمه‌ن پارتی‌ یه‌كه‌می‌ بێ‌ ركابه‌ر ده‌بێت”.

هێمن هه‌ورامی‌ وتی‌: “ده‌مانه‌وێت به‌ دۆست و دوژمن و نه‌یاران رابگه‌یه‌نین كه‌ پارتی‌ یه‌كه‌م ده‌بێت و هێزی‌ زۆرینه‌ی‌ كوردستان ده‌بێت، حه‌تمه‌ن كابینه‌ی‌ 10یه‌م-یش هه‌ر پارتی‌ پێكی‌ ده‌هێنێت و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی كابینه‌ی 10یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت”.

وتیشی‌: “ئه‌مه‌ مه‌علومه‌، به‌س كێ‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت، ئه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و لێكتێگه‌یشتنه‌كانی‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردن ده‌وه‌ستێته‌وه‌”.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ په‌یامی‌ ئه‌وان وه‌ك پارتی‌ “په‌یامی‌ برایه‌تییه‌ و ده‌ستپێشخه‌ر نابین له‌ په‌لاماردانی‌ هیچ لایه‌نێكدا، به‌ڵام وه‌ك مه‌حوی‌ شاعیر ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی‌ شێتانه‌ به‌ردمان تێبگرێت، ئێمه‌ به‌رقی‌ تێده‌گرین”

هێمن هه‌ورامی‌ راشیگه‌یاند كه‌ “به‌رقه‌كه‌ش دوو ته‌فسیری‌ هه‌یه‌، جاری‌ واهه‌یه‌ ئاگری‌ تێده‌گرین، جاری‌ واش هه‌یه‌ رووناكی‌ تێده‌گرین تا ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بێنه‌وه‌سه‌ر هۆشی‌ خۆیان تا واز له‌ به‌رده‌فڕكێ‌ بۆ ئه‌ملاو ئه‌ولایان بهێنن”.

 

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button