ڕێژنە میدیا
وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مانگی ٧ بکەن و دوای گۆڕانکاری دووبارە بۆیان بنێرنەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لێدوانیکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیای نزیک لە پارتی رایگەیاندووە ” وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی ئاگادارکردووەتەوە، پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانیان بکەن و سەرجەم وەزارەتەکان لیستی مووچە بە گۆڕانکاری لێبڕینی خانەنشینی ١٠% ئامادە دەکەن و سبەی پێنجشەممە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت”.
دەشڵێت” ئەم مانگە وەزارەتی دارایی عێراق بیانووێکی نوێی گرتووە، پێداگرە لەسەر ئەوەی لێبڕینی خانەنشینی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق هاوتابکرێت کە لە کوردستان ڕێژەکەی ٧% و لە عێراق ڕێژەکەی ١٠% یە، بەمەش مووچەی سەرجەم فەرمانبەران ٣% کەمدەکرێتەوە”.
لە ئیستادا وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا یەک ملیار و ٤٢٦ ملیۆنی وەک مووچەی مانگی حەوت خەرج کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.