پەروەردەیی

لە چ کاتێکدا ئازاری گەشەی قاچی منداڵان مەترسیدارە ؟

پسپۆڕێکی منداڵان باس لەم گرفتە دەکات

ڕێژنە میدیا

 

 

ئازاری گەشەی قاچی منداڵ بریتییەلە ئازاری ماسولکەکانی پەلەکانی خوارەوەی منداڵ کە بەگشتی منداڵان لە ماوەکانی نێوان تەمەنی سێ بۆ پێنج ساڵیدا تووشی دەبن، زۆرکات لە ماوەکانی ئێوارە یان کاتی خەوتندا روودەدات، بەجۆرێک دەبێتەهۆی هەراسانکردنی منداڵەکە.

هەندێک کات دووبارە لە تەمەنی هەشت بۆ 12 ساڵیدا جارێکی دیکە ئەم گرفتە سەرهەڵدەداتەوە و منداڵەکە تووشی ناڕەحەتییەکی زۆر دەکات. ئاشکرایە ئەم گرفتە پێی دەڵێن ”ئازاری گەشە“، بەڵام تاوەکو ئێستا نەسەلمێنراوە کە پەیوەندیی بە گەشەی منداڵەوە هەبێت، بەڵکو توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە زیاتر پەیوەندی بە جووڵە و چالاکیی منداڵەوە هەیە.

ئازاری گەشە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە جیاوازە، لە هەندێکیاندا ئازارەکە زۆرە، بەڵام لە هەندێکی دیکەیاندا کەمترە. ئەم ئازارە لە بەشی زۆری منداڵاندا هەموو رۆژێک روونادات، بەڵکو پچڕ پچڕە و لە ماوە جیاجیاکاندا روودەدات؛ ئازاری گەشە دێت و دەڕوات، واتا لەوانەیە چەند رۆژێک منداڵەکە بێئازار بێت و دواتر چەند رۆژێک ئازاری هەبێت.

هەندێک کات لەوانەیە ئازارەکە هێندە بەهێز بێت، منداڵەکە لە خەو خەبەربکاتەوە، بەڵام رۆژی دواتر کاتێک هەڵدەستێت، بارودۆخی منداڵەکە زۆر باشە و هیچ ئازارێکی نییە.

ئازارەکە بەزۆری لە هەردوو قاچی منداڵدا، بە تایبەتی لە بەشی پێشەوەی ران، بەشی دواوەی ئەژنۆ و ماسولکەکانی پشتەوەی بەشی خوارەی قاچدا روودەدات.

چی کاتێک پێویستە سەردانی پزیشكی منداڵان بکرێت؟

 

  • کاتێک منداڵەکە تووشی تا دەبێت
  • کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن
  • سووربوونەوە و دروستبوونی پەڵە لەسەر پێستی منداڵەکە
  • هەڵئاوسان و سووربوونەوەی جومگەکانی قاچ
  • ئەگەر منداڵەکە زوو زوو هەست بە هیلاکبوون بکات
  • لاوازبوونی ماسولکە
  • دابەزینی کێش
  • ئەگەر منداڵەکە بەهۆی ئازاری قاچییەوە نەتوانێت جووڵە بکات

چۆن ئەم ئازارە چارەسەر بکرێت؟

  • ماساجکردن بۆ قاچی منداڵەکە
  • هەوڵ بدرێت قاچەکانی منداڵەکە گەرم دابپۆشرێن، یان بۆ ماوەیەکی کەم گەرمکەرەوەیەک لە نزیک قاچی دابنرێت، بەڵام نابێت لە کاتی خەودا گەرمکەرەوەکە نزیکی بێت، بۆ ئەوەی نەبێتەهۆی سووتانی.

ئەگەر سوودی لەم دوو رێگەچارەیە نەبینی و ئازارەکە ماوەیەکی زۆری خایاند، لەو کاتەدا پێویستە سەردانی پزیشکی منداڵان بکرێت، بۆ ئەوەی دەرمانی کەمکردنەوەی ئازاری بۆ بنووسرێت؛ پێویستە پزیشكی پسپۆڕ شێواز و ژەمی بەکارهێنانی دەرمانەکە دەستنیشانبکات و نابێت لەخۆوە دەرمان بۆ منداڵ بەکاربهێنرێت.

 

ئامادەکردنی  : د. پشدەر عەبدوڵڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button