کوردستانهەواڵ

وەزیری ڕۆشنبیری : کوشتنی کۆڵبەرەکە بە بێ سزای یاسایی تێناپەرێت

ڕێژنە میدیا

 

وەزیری رۆشنبیری سوپاسی خەڵکی ناوچەی هەورامان دەکات کە، “ئەمجارە ھەڵوێستان ھەبوو لەبەرامبەر خوێنی بەناحەق رژاوی”، کۆڵبەرێک لە سەرگەت و دەشڵێت، “بێگومانبن ئەو ناحەقیە بە بێ سزای یاسایی تێناپەرێت“.

ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری پەیامێکی دەربارەی کوژرانی کۆڵبەرەکەی هەورامان بڵاوکردەوە کە دوێنێ شەو لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە تەقەی لێکرا و كوژرا.

وەزیری رۆشنبیری کە خۆی خەڵکی ناوچەی هەورامانە لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری کۆڵبەرەکە دەکات و رایگەیاند، “بەداخەوە ھێزەکانی پاسەوانی سنوور کاریان پاسەوانی و پاراستنی خەڵکە نەکوشتن و شەھید کردنیان، ئەوە چەندین جارە ئەم دەست درێژی و خەڵک کوشتنە دووبارە دەبێتەوە”.

ئەوەشی بەبیرهێناوەتەوە کە پارساڵیش هێزەکانی پاسەوانی سنوور ھەر لەھەمان شوێندا کەسێکتریان کوشت، بەڵام “سوڵحیان بۆکرا لەلایەن کۆمەڵایەتی ھەورامانەوە، من و کاک جەمیل ھەورامی نیوەی زیاتری پارەی سوڵحەکەشمان لە یەکێتیی نیشتیمانیی بۆ دان، ئەوەی بکوژەکان دایان قەرزیان بۆ کرا ھێشتا قەرزەکەیان نەداوەتەوە”.

حەمەی حەمەسەعید راشیگەیاند، دوێنێ شەو جارێکی تر هێزەکانی پاسەوانی سنوور “دەستیان سوور بووەوە بەخوێنی رۆڵەیەکی ھەژاری ئێوە و ناوچەکە کە بۆ بژێوی مەمرەو مەژی کۆڵبەری دەکرد. دەستان خۆش ئەمجارە ھەڵوێستان ھەبوو لەبەرامبەر خوێنی بەناحەق رژاوی ئەو گەنجە خێر لەخۆ نەدیوە”.

وەزیری رۆشنبیری کەسوکاری قوربانییەکەشی دڵنیاکردەوە کە، “ئەو ناحەقیە بە بێ سزای یاسایی تێناپەرێت”.

ئەمڕۆش پۆلیسی هەڵەبجە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی رووداوەکەی دوێنێ شەوی راگەیاند.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button