ڕێژنە میدیا
دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتن لەبارەى سکاڵایەک دەکات کە دژى مەرجەکانى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە، ئەوەش دواى ئەوەى سکاڵایەکى هاوشێوە لە دادگەکە لەسەر داواى سکاڵاکار هەڵوەشێندرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ى ئاب، دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتن لەبارەى سکاڵایەکەوە دەکات کە پارێزەران ئاسۆ هاشم، موحسین هەرتەلى و سەردار شێخانى دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان پێشکێشیان کردووە.
سکاڵاکاران داوا دەکەن مادەى یەکەمى هەموارى یاساى بارى کەسێتى ژمارە 15ى ساڵى 2008ى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستووری بناسێنێت، کە هەموارى یاساى بارى کەسێتیی عێراقە و دوو مەرجى ئەو یاسایەى بۆ فرەژنى راگرتووە و لەبرى ئەوە 7 مەرجى داناوە.
ئاسۆ هاشم، یەکێک لە سکاڵاکارەکان بە میدیاکانی ڕاگەیاند ، “هەر سێ سکاڵاکارەکە لە بەغداین، بەڵام دانیشتنی دادگە بێ ئامادەبوونى ئێمە و نوێنەرى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت. ئەگەر پێویست بکات بانگهێشت دەکرێین.”
سکاڵاکاران دەڵێن، ئەو هەموارە پێچەوانەى بنەما جێگیرەکانى شەریعەتى ئیسلامە و بووەتە هۆى دروستکردنی کێشەى کۆمەڵایەتى.
ئاسۆ هاشم گوتى، “سکاڵاکە بۆ هەڵوەشاندنەوەى مەرجەکانى فرەژنییە، چونکە ئەو هەموارە کێشەى کۆمەڵایەتى دروستکردووە و ژمارەیەک پیاوی ناچارکردووە لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان ژنى دیکە بهێنن.”
بەگوێرەى ئەو هەموارە، ئەگەر پیاوێک ژنى دووەم بهێنێت بەبێ هێنانەدى 7 مەرجەکە، سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەى ساڵێک بێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.
مەرجەکانى هاوژینیی دووەم بە گوێرەى هەموارەکەى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە دەبێت ژنى یەکەم لە دادگە رەزامەند بێت، ژنى یەکەم تووشى نەخۆشى درێژخایەن بووبێت، پیاوەکە تواناى دارایی ئەوەى هەبێت زیاتر لە ژنێکى هەبێت و بۆ ئەوە بەڵگەنامە پێشکێش بە دادگە بکات، بەڵێننامەیەکیش بنووسێت کە دادوەر دەبێت لەنێوان ژنەکانیدا، ئەگەر ژنهێنانى دووەم پێچەوانەى مەرجەکان بێت، سزا دەدرێت و دادوەریش تواناى راگرتنى ئەو سزایەى نییە.
پێشتر لە 30ى حوزەیران، دادگاى باڵاى فیدراڵیى عیراق هەڵوەشاندنەوەى سکاڵایەکى هاوشێوەى بڵاوکردەوە کە لەلایەن بەرهەم رەئووف عەلى، پارێزەرى راوێژکار پێشکێش کرابوو. کشاندنەوەکە لەسەر داواى سکاڵاکارەکە بوو.