تەندرووستی

نایابترین ڤیتامین بۆ پاراستن و بەهێزکردنی توانای سێکسی ئاشکرا کرا

ئەم بابەتە بۆ سەرو تەمەن ١٧ ساڵە

ڕێژنە میدیا

 

زۆر له‌ پیاوان پرسیار ده‌كه‌ن كه‌ چ جۆره‌ ڤیتامینێك بۆ باشتركردنی ته‌ندروستیی ئه‌ندامی نێرینه‌یان باشه‌، یان بۆ چاره‌سه‌ركردنی تێكچوونی كۆئه‌ندامی زاوزێ، تا به‌ به‌رده‌وامی ڕۆژانه‌ بیخۆن و له‌م كێشه‌ ته‌ندروستییانه‌ به‌دوور بن.

لە ماڵپه‌ڕی elconsolto، هه‌وڵ دراوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە و ئه‌م ڤیتامینانه‌ بناسێنێت کە بۆ باشتركردنی ته‌ندروستی ئه‌ندامی نێرینه‌ به‌سوودن كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌:

ڤیتامین D ڕۆڵێكی به‌رچاو ده‌گێڕێت له‌ باشتركردنی ئاره‌زوو و توانای سێكسی له‌ پیاوان

یه‌كه‌م/ ڤیتامین D
به‌گوێره‌ی هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ توێژه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌و پیاوانه‌ی به‌ده‌ست كه‌می ڤیتامین D ده‌ناڵێنن، ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به‌ تێكچوونی كۆئه‌ندامی زاوزێ زیاتره‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كێشه‌ی ته‌ندروستییه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی كه‌میی ئاستی ڤیتامین D له‌ جه‌سته‌دا دروست ده‌بێت، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕۆیشتنی خوێنی پڕ ئۆكسجین بۆ ئه‌ندامی نێرینه‌ هه‌یه‌.

له‌ شیكارییه‌كی ساڵی 2014دا ده‌ركه‌وتووه‌، وه‌رگرتنی ته‌واوكه‌ری ڤیتامین D ڕۆڵێكی به‌رچاو ده‌گێڕێت له‌ باشتركردنی ئاره‌زوو و توانای سێكسی له‌ پیاوانی تووشبوو به‌ خه‌مۆكی، به‌هۆی توانای به‌رچاوی بۆ باشتركردنی باری ده‌روونی.

دووه‌م/ ڤیتامین B9
توێژینه‌وه‌یه‌كی ساڵی 2014 ده‌ریخستووه‌، هه‌ندێك له‌ پیاوان پێوه‌ندی له‌ نێوان كێشه‌ی تێكچوونی كۆئه‌ندامی زاوزێیان له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی فۆلیك ئه‌سید له‌ جه‌سته‌یاندا هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ ساڵی 2020دا هه‌مان ئه‌نجامی هاوشێوه‌ی هه‌بووه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌و پیاوانه‌ی تووشی كێشه‌ی تێكچوونی كۆئه‌ندامی زاوزێ بوونه‌، دوای خواردنی ته‌واوكه‌ری فۆلیك ئه‌سید توانیویانه‌ سێكس بكه‌ن.

ڤیتامین B3 به‌شداره‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای كشانی ئه‌ندامی نێرینه‌ له‌ كاتی جووتبووندا

سێیه‌م/ ڤیتامین B3
ڤیتامین B3 گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌ بۆ باشتركردنی ته‌ندروستیی سێكسی له‌ پیاوان، به‌و پێیه‌ی به‌شداره‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای كشانی ئه‌ندامی نێرینه‌ له‌ كاتی جووتبووندا، به‌گوێره‌ی هه‌ندیك لێكۆڵینه‌وه‌ش، كاریگه‌رییه‌كی باشی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی تووشی لاوازی سێكسی بوونه‌.

چواره‌م/ ڤیتامینC
به‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌ توێژینه‌وه‌كان له‌ ساڵی 2017دا، لێكۆڵه‌ران گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ ڤیتامینC ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی توانای سێكسی له‌ پیاواندا، به‌ زیادكردنی ڕۆیشتنی خوێنی پڕ ئۆكسجین بۆ ئه‌ندامی نێرینه‌ و هاندانی جه‌سته‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی زیاتری هۆرمۆنی پیاوان كه‌ “تێستێسترۆن”ی پێ ده‌ڵێن.

به‌ڵام به‌گوێره‌ی پێداچوونه‌وه‌یه‌كی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی زانستی نییه‌ ئه‌وه‌ پێشان بدات، ته‌واوكه‌ری ڤیتامینC ده‌توانێت تێكچوونی كۆئه‌ندامی زاوزێ له‌ پیاوان باشتر بكات.

ئامادەکردن و وەرگێڕان  – كەژاڵ كەمال

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button