ڕێژنە میدیا
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دواخستووە و وتویەتی باری تەندروستی ناجێگیرە بۆیە بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکات.
کۆبوونەوەکە دەبوو ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش کەمبوونەوەی پارەی نەختینەیە و هەموو وەزارەتەکان پێکەوە پارە وەرناگرن و خەریکە لە بەغدا کێشەی دواکەوتنی مووچەی بۆ دروست دەبێت.
لیژنەی دارایی پەرلەمان بە مەبەستی گوێگرتن بووە لە وەزیری دارایی لەبارەی هۆکاری کێشەی پارەی نەختینە.
هەرچەندە وردبینی لیستی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران تەواوبووە، بەڵام تا ئەو کاتەی تەیف سامی واژۆی نەکات، پارە بۆ هەرێم ڕەوانە ناکرێت، بەڵام تەیف سامی بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی وتووە، باری تەندروستی ناجێگرە و بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکات، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ناوبراو لە کارەکانی وەزارەتەکەی مۆڵەتی وەرگرتووە یاخود نا.