ڤیان دەخیل : بەشێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیاکان بە ناوی هاوکاری کچە ئێزدییە ڕزگاربوەکان ملیۆنان دۆلاریان وەرگرتووە
ڕێژنە میدیا
ڕێژنە میدیا
ساڵی 2014 و لە سەرەتای مانگی هەشت داعش هێرشێکی لەناکاوی بێ پاساوی کردە سەر ئێزدییەکان لە شنگال و دەوروبەری. لەو هێرشە هەزاران ئێزدی کوژران و زیندە بە چاڵ کران و ژمارەیەکی بێ شومار لە ژن و منداڵیان وەک کۆیلە بران و بازرگانیان پێوە کرا. تاوانەکانی داعش بەرامبەر ئێزدییەکانی کرد هێندە گەورەبوون لەلایەن عێراق و چەندین وڵات، لەوانە ئەمەریکا بە جینۆساید ناسێنرا. ئێستا و لە پاش دە ساڵ لەو کارەساتە هێشتا ئێزدییەکان بە لێکەوتەکانییەوە دەناڵێنن و وەک باسی لێوە دەکەن کارێکی ئەوتۆ لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق نەکراون بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانیان و ساڕێژکردنی برینەکانیان. دەڵێن ئەوان بەر لە هەموو شتێک ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکانیان دەوێت، پاشان بنیادنانەوەی ناوچەکانیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەکو ئاو و کارەبا بۆیان.
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا کۆمەلێک باس و زانیاری نەبیسراوی ئاشکرا کرد کە بەناوی هاوکاری کچان و ژنانی ئیزیدی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە بەچەندین شێواز و کەمپەینی جۆراوجۆر پارەیەکی زۆر کە ئەگاتە ئاستی ملیۆنان دۆلار کۆکراوەتەوە و شێوازی خەرج کردنەکەی بۆ پرسی ژنان و کچانی ئیزیدی ناڕونەو ڤیان دەخیل پیێ وایە کە ئەو پارەیە گەندەڵی تێدا کراوە و وەک پێویست و بەشەفافی بۆ ئەو مەبەستە خەرج نەکراوە .
هەروەها ئەم پەرلەمانتارە دەڵێت ” بەشێک لەو ڕێکخراوانە بە ناوی هاوکاری ئەو کچە ئێزدییە ڕزگاربووانەوە دەهاتن پارەیان لە وڵاتانی خۆیان بەو ناوەوە وەردەگرت، بەڵام لەبری هاوکاری تەندروستی و دەرونی چەند موحازەرە و ۆرک شۆپێکی سادەیان پێشکەش دەکردن، لە کاتێکدا ئەو کچە ڕزگاربووانە پێویستییان بە چارەسەری تەندروستی هەبوو، دەبوو چەند سەنتەرێکی تەندروستی و دەرونی بکەنەوە بۆ ڕاهێنانەوەی ئەو کچە ڕزگاربووانە، دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخساندنایە تاببونایە خاوەنی داهاتی خۆیان، نەک بە تەنها ئەو کچانە خودی کەسوکاری ئەو کچانەش پێویستیان بە هاوکاری بوو بەڵام ئەو ڕێکخراوانە هیچ کام لەوانەیان نەکرد”
ئاماژەشی بەوە کرد ئێستا لە پەرلەمان لێکۆڵینەوە دەکرێت، ئەو دۆسێیەمان لەسەر هەندێک لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە گەورانەی یۆنامی کردووەتەوە کەگومانی گەندەڵییان لەسەرە، بەناوی پڕۆژەوە بۆ کچانی ڕزگاربووی ئەزیدی بەملیۆنان دۆلار لەسەر ئەو پڕۆژانە نوسراوە لەکاتێکدا ئەنجامی دیار نەبووە چونکە تەنها ۆرک شۆپ و موحازەرە بووە، ئەو ۆرک شۆپ و موحازەرانەش پێویستی بەملیۆنان دۆلار نییە، بابگەینە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە.
حکومەتی عێراقی هیچ کات مەلەفی ئێزدییەکانی بەلاوە گرنگ نەبووە، تەنانەت لەو بودجە زۆرەی هەیەتی هەتا ئێستا شنگالی ئاوەدان نەکردووەتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ ناکات، بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان کە کەمپی بۆ دوو ملیۆن ئاوارە کردەوە لەسەر بودجەی خۆی خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەو ئاوارانە دەکرد، بووە بارگرانی لەسەر بودجەی هەرێم کەچی هەر لەو کاتەدا حکومەتی عێراق بوجەی هەرێمی بڕی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش هەندێک جار لەو کەلوپەلانەی دابەشی دەکرد بەسەر ئاوارەکان گەندەڵی دەکرد، وە بەهیچ جۆرێک حکومەتی عێراقی نەک هیچ کچێکی ئێزدی ئازاد نەکردووە بەڵکو هەر پێی گرنگ نەبووە، ئەوەش تەنها هەرێم کردویەتی، هەروەها تەنانەت مەلەفی جینۆسایدی ئێزدییەکانی نەبردووەتە دادگای نێودەوڵەتی کە ئەرکی دەوڵەتە، تەنانەت هەر خودی حکومەتی عێراقی بە فەرمی نابیستی لێی دان بنێیت بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، بە جینۆساید ناوی ببات.
لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا ڤیان دەڵێت ” بۆ خۆم چەندین جار داوام لە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی پێشوتری پەرلەمانی عێراق کردووە کە هاوکارمان بن بۆ گەڕانەوەی ئەو ئێزدییە ڕفێنراوانەی ژێر دەستی داعش بەداخەوە هەتا ئەم ساتەش هیچییان نەکرد، هەروەها لە کاتی دامەزراندنی ئەو ئۆفیسەوە من بەرپرسی ئەو ئۆفیسەم، چومەتە جنێف، و چەندین وڵاتی تر داوای هاوکاریمان لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانە کرد بۆ ئەوەی هاوکارمان بن لە گەڕانەوەی ڕفێنراوانی ژێر دەستی داعش بەداخەوە ئەوانیش وەڵامیان نەداوینەوە، جگە لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم هیچ کەس هاوکارمان نەبووە لە ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراەوانەی ژێر دەستی داعش”