رۆژهەڵاتی ناوەڕاستکوردستانهەواڵ

دووای گەڕانەوەیان بۆ کوردستان ته‌رمى كۆچبه‌ره‌ كورده‌كانى ڕۆژهه‌ڵات دەگەڕێندرێتەوە زێدى خۆیان

ڕێژنە میدیا

 

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، تەرمی هەموو ئه‌و كۆچبه‌ره‌ كوردانه‌ى له‌ئیتاڵیا به‌له‌مه‌كه‌یان ژێرئاو كه‌وت‌و خنكان، دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى ناوخۆ-ش ده‌ڵێت:”هەماهەنگی کراوە بۆ ئاسانکاریکردن بۆ کەسوکاری قوربانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ بردنەوەی تەرمەکان بۆ زێدی خۆیان“.

هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگه‌یاندوه‌، لەپشکنین‌و بەدواداچون بەردەوامن بۆ ناسینەوەی تەرمەکان‌و گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان‌و تەرمی هەموو قوربانییەکانیش دەگەڕێندرێنەوە هەرێم.

وتیشى:”لەدوای ڕوداوەکەوە هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لەسەر هێڵ بونە بۆ ئەوەی چی پێویست بکرێت بۆ هاوکاریکردنی کەسوکاری قوربانییەکان‌و ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان”.

سه‌باره‌ت به‌و قوربانییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و کەسوکارەکەی داوایانکردوە حکومەتی هەرێم هاوکارییان بکات بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان‌و ناشتنیان لەزێدی خۆیان، میرانی ڕایگه‌یان، “فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوەو کەسوکاری قوربانییەکان دەتوانن لەسبەینێوە سەردانی کونسوڵخانە بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان‌و بردنەوەی تەرمەکان”.

به‌وته‌ى هێمن میرانی، “تاوەکو ئه‌مڕۆ تەرمی قوربانییەکان لەپزیشکی دادی هەولێر دەپارێزرێن‌و دوای تەواوکردنی مامەڵەکان لەلایەن کەسوکاریانەوە، هاوکاریی دەکرێن بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان بۆ زێدی خۆیان”.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکرد، “پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەکان کاری زۆری دەوێت‌و بەهۆی وەرگرتنی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کەسوکاری هەموو قوربانییەکان‌و ناسینەوەی ناسنامەی تەرمەکان کە ئەمە پرۆسەیەکی تەواو زانستییەو لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەردەکەن”.

لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم، شه‌وى ڕابردوو تەرمی 13 کۆچبەری کورد کە هه‌شتیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن‌و پێنجیشیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەولێر.

ڕۆژی 17ی حوزەیرانی 2024 میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لەئاوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاوەو دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن، بێسەرو شوێنن‌و به‌شێكیشیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

لاى خۆیشیه‌وه‌ ڕێزان حەمەساڵح نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئیتاڵیا، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ڕایگەیاند، “تەرمی 13 کۆچبەری کورد دەگەڕیندرێنەوە هەرێمی کوردستان‌و تائێستاش تەرمی 36 کۆچبەری بەلەمە نقومبوەکەی ئیتاڵیا دۆزراونەتەوە”.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button