جیهانرۆژهەڵاتی ناوەڕاستهەواڵ

ئیسرائیل : بەهۆی هەڕەشەکانی ئیران و ترسی هێرشەکان لە شارەکان پەناگەی بۆ هاوڵاتیان کردەوە

ڕێژنە میدیا

 

بەگوێره‌ى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “مەعاریف”ی عیبری، دەسەڵاتدارانی خۆجێی لەچەند شارێکی ئیسرائیل لەژێر ڕۆشنایی هەڕەشەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنی هێرشی تۆڵەکردنەوە لەئیسرائیل، پەناگەیان بۆ هاوڵاتیان کردوه‌تەوە.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردوه‌تەوە، دەسەڵاتداران بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی دەستیانکردوە بەکردنەوەی پەناگە لەژمارەیەک ناوچەی وڵات، وەک تەلئەبیب، شارۆن، ڕۆش هایین‌و کیریات ئۆنۆ.

ئەو سەرچاوەیە ڕونیشیکردەوە کە کردنەوەی ئەو پەناگانە وەک ئامادەکارییەک دێت بۆ هەر سیناریۆیەک کە ڕەنگە لەڕۆژانی داهاتودا ڕوبدات، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی هەڕەشەکانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل.

هەروەک لەچوارچێوەی ڕێوشوێنە ئامادەکارییەکان، مەشقێکی ڕاهێنان لەژوری نەشتەرگەریی ماگن دەیڤید ئادۆم کە خزمەتگوزاریی پزیشکیی فەرمییە لەئیسرائیلیش بەڕێوەچوو.

ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە کە چاوەڕوانی ئەوەدەکرێت کە ئێران ڕاستەوخۆ یان لەڕێگەی میلیشیاکانییەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرشبکاتەسەر ئیسرائیل.

هێرشەکەی ئێران وەڵامێک دەبێت بۆ تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لەتاران‌و فواد شوکر سەرکردەی حزبوڵڵای لوبنان کە لەئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکێکی باشوری بەیروت کوژرا، هەروەک ڕاگەیاندنی کوشتنی محەمەد زەریف بەرپرسی کەتیبەکانی قەسام، باڵای سەربازیی حەماس.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەزاری بەرپرسانی ئێرانەوە بڵاویکردوەتەوە، سەرکردە سەربازییەکانی ئێران “بیر لەهێرشێکی هاوبەش دەکەنەوە بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و موشەک” بۆسەر ئامانجە سەربازییەکان لەدەوروبەری تەلئەبیب‌و حەیفا، بەڵام لەهێرشکردنەسەر ئامانجە مەدەنییەکان خۆیان بەدوردەگرن.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button