ڕێژنە میدیا
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست رێژنە میدیا کەوتوە وردبینی بەشێک لە لیستی مووچەی مانگی حەوت تەواوبووە و کۆتایی ئەم هەفتەیە بەغدا پارەی بەشێكی مووچە دەنێرێت.
سەرچاوەکه لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەڕێژنە میدیای ڕاگەیاند بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەغداوە گەیشتووە پێمان ، وردبینى بەشێک لە لیستى مووچەى مانگى تەمموز تەواو بووە، کە مووچەى کەسوکارى شەهیدان و خاوەن پێداویستى تایبەت و خانەنشینانى مەدەنییە، چاوەڕێین کە کۆتایى ئەم هەفتەیە رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت.
باسی لەوەش کرد ، بەبڕیارى ئەنجومەنى وەزیران ناردنى لیستى مووچەى مووچەخۆران پێشخراوە و وردبینى لیستى مووچەش لەلایەن دیوانى چاودێرى عێراق بەهەماهەنگى دیوانى چاودێرىی دارایى هەرێمى کوردستان ئەنجامدەدرێت و وەزارەتى دارایى عێراق پاش ئەو رێکارانە بڕیار لەسەر خەرجکردنى دەدات.
سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕێژنە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ناردنى مووچە لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراق بە سێ قۆناغ دەبێت، قۆناغى یەکەم مووچەى کەسوکارى شەهیدان و خاوەن پێداویستى تایبەت و خانەنشینانى مەدەنی رەوانە دەکرێت و دواتر مووچەى فەرمانبەران و پاشان مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان.