ڕێژنە میدیا
دایكان و باوكان، هەر لە سەرەتای زانینی ئەوەی كە دەبن بە دایك و باوك، بیر لە دۆزینەوەی ناوێكی خۆش و مانادار دەكەنەوە بۆ منداڵەكانیان، ئەمەش دودڵیان دەكات و زۆركات ناوێكی گونجاویان بۆ هەڵنابژێردرێت.
ئەم رێنماییانە یارمەتیدەر دەبێت لەوەی ناوێكی گونجاو هەڵبژێریت؟
1. ئەو ناوەی هەڵیدەبژێریت با واتایەكی نەرێنی نەبێت، یان ناوێك نەبێت كە باس لە خەم و ناخۆشی بكات، باشترە واتایەكی ئەرێنی هەبێت.
2. ئاساییە ناوێكی كۆن لە منداڵەكەت بنێیت، بەڵام با ناوێكی بێزاركەر نەبێت و لەگەڵ هاوتەمەنەكانی خۆی بگونجێت.
3. باشتر وایە دوربكەویتەوە لە ناوە دو لایەنەكان، واتە ئەو ناوانەی كە لە هەمان كاتدا بۆ كچ و بۆ كوڕیش دەبن.
4. گرنگیی بە واتای ناوی منداڵەكەت بدە، تەنها لەبەر ئەوەی ناوەكەت لا جوان بو هەڵیمەبژێرە تا لە واتاكەی دڵنیادەبیتەوە.
5. هەمو ئەگەرەكانی كورتكردنەوەی ناوەكە لێكبدەرەوە، چونكە كاتێك منداڵەكە دێتە دنیاوە رەنگە كەسانی چواردەوری بە كورتكراوەی ناوەكەی بانگی بكەن یان نازناوی بۆ بدۆزنەوە، هەربۆیە با كورتكراوەی ناوەكەی شتێك نەبێت شەرمی لێبكات.
6. رێز لە كەلتورەكەی خۆت بگرە، باشترە ناوی منداڵەكەت لەگەڵ كەلتوری وڵاتەكەت گونجاو بێت، چونكە لە كۆتاییدا منداڵەكە لەناو ئەو كەلتورەدا گەورە دەبێت.
7. رەنگە خۆشەویستییەكی زۆر هەبێت لە دڵتدا بۆ باو و باپیرانت و بتەوێت هەمان ناو ئەوان لە منداڵەكانت بنێیت، ئەمە ئاساییە، بەڵام با ئەو ناوەی هەڵیبدەبژێریت واتادار و گونجاو بێت، ئەگەر ناوەكە بەوشێوەیە نییە، باشترە ناوێكی دیكە هەڵبژێریت.
8. دوربكەوەرەوە لەو ناوانەی ترێندن و زۆرن، چونكە هەر 10 ساڵ جارێك، چەند ناوێك دەبن بە ترێند و دواتر نامێنن، باشترە ناوەكەی هەڵیدەبژێریت تاك بێت.