کوردستانهەواڵ

له‌سه‌ر كوشتنی‌ گه‌نجه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ په‌یامێك بڵاودەکاتەوە

ڕێژنە میدیا

 

سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ده‌بێته‌ پارێزه‌ری‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌و گه‌نجه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردوو له‌ گه‌ڕه‌كی‌ راپه‌ڕینی‌ سلێمانی‌ كوژرا، ده‌شڵێت: “ده‌بێت بكه‌رانی‌ به‌ سزای‌ خۆیان بگه‌ن“.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند كه‌ “شه‌هیدكردنی كاك ئاری و برینداركردنی هاونیشتمانییه‌كی تر له‌كاتی كار و په‌یداكردنی بژێویی ژیانیاندا، له‌دڵه‌وه‌ نیگه‌رانیكردم. بۆ ئه‌م خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ پرسه‌ و هاوخه‌میی قووڵی خۆمان ئاڕاسته‌ی كه‌سوكار و بنه‌ماڵه‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌ی كاك ئاری ده‌كه‌م و هاوبه‌شی ئه‌م ماته‌مه‌م، له‌خوای گه‌وره‌ش داواكارم شیفای برینداره‌كه‌ بدات و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی بۆ ده‌خوازم”.

بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ ده‌ڵێت: “شه‌هیدكردنی كاك ئاری تاوانێكی گه‌وره‌یه‌، ده‌بێت بكه‌رانی به‌ سزای یاسایی خۆیان بگه‌ن”.

سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ داوا له‌ ده‌زگای ئاسایش ده‌كات كه‌ “به‌زووترین كات ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌كه‌ رووبه‌ڕووی یاسا بكه‌نه‌وه‌ تاوه‌كو له‌مه‌ودوا هیچ كه‌سێك جورئه‌ت نه‌كات ده‌ست بۆ ژیانی خه‌ڵك ببات”.

ده‌شڵێت: “هاوكات رایده‌گه‌یه‌نم ده‌بمه‌ پارێزه‌ری بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی كاكه‌ ئاری تاوه‌كو ئه‌م دۆسیه‌یه‌ رێڕه‌وی یاسایی خۆی وه‌ربگرێت و دادگا بڕیاری دادپه‌روه‌رانه‌ی خۆی بدات”.

سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ هاوكات سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان دڵنیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ “هه‌ركه‌سێك له‌ هه‌ر پله‌ و پۆستێكدا بێت و یاساشكێنی بكات، یاخود ببێته‌هۆی دروستكردنی پشێوی و پاڵپشتی هه‌ر تاوانێك بكات، راده‌ستی یاسا ده‌كرێت و هیچ لێخۆشبوونێك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ نییه‌ كه‌ ژیان و سه‌قامگیریی خه‌ڵكه‌كه‌مان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌”.

بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ راشیگه‌یاند كه‌ “دووپاتیشیده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌ركی كارمه‌ندانی دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان، پاراستنی ژیانی خه‌ڵك و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یاساشكێنانه‌، هیچ جۆره‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك قبووڵناكرێت و رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر. خوای گه‌وره‌ كاكه‌ ئاری به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شادبكات و سه‌بووری به‌هه‌موولایه‌ك ببه‌خشێت”.

ئه‌م په‌یامه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ شه‌وی‌ رابردوو له‌ گه‌ڕه‌كی‌ راپه‌ڕینی‌ سلێمانی‌ له‌ رووداوێكی‌ ته‌قه‌كردندا گه‌نجێك كه‌ پیشه‌ی‌ كاسب بووه‌ كوژرا و یه‌كێكی‌ تر برینداربوو، باسیش له‌وه‌ كرا كه‌ ئه‌نجامده‌ری‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌ندامی‌ یه‌كێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button